بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە شەهیدانی بۆردوومانی کیمیایی سەردەشت؛ (هەناسە سووتاوەکان) کە دەقی تەواوی لە خوارەوە هاتووە، جەختی کردەوە: سەردەشت تەنها شارێک نییە؛ بەڵکوو هێمای مەزڵوومییەتی نەتەوەیەکە کە بووە قوربانیی چەکە قەدەغەکراوەکان و تۆزقاڵێک لە بەرامبەر زوڵم و دەستدرێژیدا پاشەکشەی نەکرد.
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
بە دروود و سڵاوی بێکۆتایی بۆ ڕۆحی بەرزی ڕێبەری شەهید و هەموو شەهیدە باڵاکانی دەستدرێژییەکەی ئەم دواییانە، بەوپەڕی ڕێز و شانازییەوە یاد و ناوی شەهیدانی تاوانە گەورەکەی بۆردوومانی کیمیایی سەردەشت، بریندارە سەربەرزەکانی کیمیایی و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای عیزەت، سەربەخۆیی و سەرکەوتوویی ئێرانی ئیسلامی بەرز ڕادەگرین.
سی و نۆیەمین ساڵیادی کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیایی شاری سەردەشت و ڕۆژی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی چەکە کیمیایی و مایکرۆبییەکان لە کاتێکدا یاد دەکرێتەوە، کە مێژوو پەڕەیەکی دیکەی خوێناوی بەڵام پڕ لە شانازی لە مەزڵوومییەت و خۆڕاگریی گەلی ئێران دەخاتە بەرچاوی جیهانیان.
وادیارە چەرخی زەمانە دوای چەندین دەیە، هەمان تاقیکردنەوەی گەورە دووبارە دەکاتەوە؛ تاقیکردنەوەیەک لە نێوان ڕاستی و درۆ، لە نێوان ڕووناکی و تاریکی، لە نێوان کەرامەتی مرۆیی و شەڕانگێزیدا، و لە نێوان سوپای ڕووناکی و سوپای ئەهریمەندا.
گەلی مەزنی ئێران جارێکی دیکە لە بەرامبەر دەستدرێژیی شەیتانسفتان، تیرۆر و پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتیدا، سەربەرزانە وەستایەوە.
دەستدرێژیی شەڕانگێزانەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر خاکی پاکی ئێران و هێرشەکانیان بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل، ژنان، منداڵان، قوتابییان و بەتایبەت تیرۆرکردنی مەزڵوومانەی ڕێبەری مەزنی شۆڕش، بیرهێنەرەوەی هەمان ئەو لۆژیکە مەترسیدارەیە کە دەیان ساڵ لەمەوبەر لە ڕێگەی پشتگیریکردن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژ بە گەلی ئێران و هاوکارییکردنی ڕژێمی سەدام حوسێندا خۆی نیشان دا.
مێژوو بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنێت کە پشتگیری و بێدەنگیی هەندێک لە حکومەتە ڕۆژاواییەکان لە بەرامبەر پڕچەککردنی ڕژێمی سەدام بە چەکی کۆمەڵکوژ و بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەوانە دژ بە گەلی ئێران و عێراق، ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگری لەو کارەساتە مرۆییەدا هەبووە. ئەمڕۆش هەمان هاوبەشانی تاوانەکانی دوێنێی ڕژێمی سەدام، پێیان زیاتر ڕاکێشاوە و خۆیان ڕاستەوخۆ لە ڕۆڵی دەستدرێژیکاردا، بە ئاشکرا بنەما سەرەتاییەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەما مرۆییەکان پێشێل دەکەن؛ بەداخەوە زۆربەی حکومەتەکانیش بە هەمان ڕوانگەی پێشوو، بەردەوامن لە بێدەنگییە شەرمەزاربارەکەیان لە بەرامبەر ئەم سەپاندنی یاسای جەنگەڵەدا.
سەردەشت تەنها شارێک نییە؛ بەڵکو هێمای مەزڵوومییەتی نەتەوەیەکە کە بووە قوربانیی چەکە قەدەغەکراوەکان و تۆزقاڵێک لە بەرامبەر زوڵم و دەستدرێژیدا پاشەکشەی نەکرد.
سی و نۆ ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی بەعسی عێراق بە بەکارهێنانی جۆرەها چەکی کیمیایی و لە ژێر سێبەری پاڵپشتی، پڕچەککردن و بێدەنگیی هەندێک لە هێزە ڕۆژاواییەکان، بەتایبەت ئەمریکا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، یەکێک لە خەمناکترین و تاریکترین پەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی تۆمار کرد.
تاوانێک کە نەک هەر گیانی سەدان مرۆڤی بێتاوانی سەندەوە، بەڵکو شوێنەوارە بەئازارەکانی تا ئێستاش لەسەر جەستە و دەروونی هەزاران قوربانیی چەکە کیمیاییەکاندا ماوەتەوە.
سەردەشت بۆ ئێمە تەنها شارێک یان یادەوەرییەکی تاڵ نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی زیندووە لە وەستانی حەق لە بەرامبەر باطل، ڕاستی لە بەرامبەر چەواشەکاری و دادپەروەری لە بەرامبەر زوڵمدا. گەلی ئێران لە درێژایی مێژوودا نیشانی داوە کە هەمیشە لە بەرامبەر زۆرداری و دەستدرێژیدا تەسلیم نابێت. شاری سەردەشت لە بەرامبەر گەردەلولی مەرگ و بارینی گازی خەردەل بەسەر جەستەیدا، ڕەگەکانی لە خاکی دڵسۆزی و نیشتمانپەروەریی ئێراندا بەهێزتر کرد.
هەروەک چۆن خەڵکی سەردەشت دوای ئەو کارەساتە گەورەیە بەپێوە و بەبڕشتانە وەستان، ئەمرۆش گەلی مەزنی ئێران بە یەکڕیزی، هاوپشتی، یەکگرتوویی و خۆڕاگری، بەرگری لە عیزەت، سەربەرزی و سەربەخۆیی خۆی دەکات.
ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە تەنها ململانێیەکی سیاسی یان سەربازی نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی دوو جۆر تێڕوانینە بۆ مرۆڤ و کەرامەتی مرۆیی.
لەلایەکەوە لۆژیکی دەستدرێژی، داگیرکاری، تیرۆر و بەکارهێنانی ئامرازە نامرۆییەکان بۆ سەپاندنی ویست بەسەر گەلاندا هەیە، لەلایەکی دیکەشەوە لۆژیکی حەقخوازی، سەربەخۆیی، خۆڕاگری و بەرگریکردن لە کەرامەتی مرۆڤ.
گەلی ئێران بە باڵایەکی ڕێک و سنگێکی پڕ لە شکۆ و شانازیی نیشتمانییەوە، بە پشتبەستن بە مێژوو و کولتووری دێرین و ئەفسانە ئاینی و مێژووییەکانی خۆی، هەمیشە لە پاڵ ڕاستی، دادپەروەری و ئاشتیدا وەستاوە و باجی قورسی لەم ڕێگەیەدا داوە.
ئەم تاوانانە بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان، پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرۆتۆکۆلی ١٩٢٥ی ژنێف سەبارەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی گازە ژەهراوییەکان ئەنجام دراون و دەبنە هۆی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی کە بە تێپەڕبوونی کات بەسەر ناچێت، و دەبێت سەرجەم ئەنجامدەران و فەرماندەرانی وەڵامدەرەوەی سەرکێشییە نامرۆییەکانی خۆیان بن.
ئەو کۆسپانەی لەبەردەم پڕۆسەی بەدواداچوون و بەدەستهێنانی مافەکانی قوربانیانی کیمیاییدا هەن، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتیی حکومەتە پەیوەندیدارەکان و بەرپرسیارێتی کەسیی تاوانە ئەنجامدراوەکان لانابات و هیچ ساردبوونەوەیەک لە ئیرادەی ئێمەدا بۆ بەدواداچوونی ئەم مافانە دروست ناکات.
وەزارەتی کاروباری دەرەوە لە هیچ هەوڵێک درێغی نەکردووە و ناکات بۆ خستنەڕووی ڕەهەندە مرۆیی، کۆمەڵایەتی، یاسایی و مرۆستییەکانای کارەساتی بۆردومانکردنی شاری سەردەشت لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.
بەکارهێنانی بەربڵاوی چەکە کیمیاییەکان دژ بە ئێران لە ماوەی شەڕی سەپێندراوی هەشت ساڵەدا، یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ داڕشتن و بەستنی کۆنفرانسی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان و هەروەها بەهێزکردنی یاسای قەدەغەکردنی تەواوی ئەم چەکانە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک گەورەترین قوربانیی چەکە کیمیاییەکان لە سەردەمی هاوچەرخدا، بەکارهێنانی ئەم چەکە نامرۆییانە لە هەر کاتێکدا، لەلایەن هەر کەسێکەوە و لە ژێر هەر بارودۆخێکدا سەرکۆنە دەکات و وەک پێشەنگی خەبات دژ بە چەکەکانی کۆمەڵکوژ و داکۆکیکاری جیهانێکی خاڵی لەم چەکانە دەمێنێتەوە.
ئێمە لەو بڕوایەداین کە دادپەروەری بۆ قوربانیانی سەردەشت و قوربانیانی دیکەی تاوانەکانی جەنگ، نەک تەنها داواکارییەکی نیشتمانییە، بەڵکو پێویستییەکی گرنگە بۆ پاراستنی ویژدانی مرۆیی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە.
لەم ڕۆژەدا، لە کاتی بەجێهێنانی ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی سەردەشت و هەموو شەهیدانی ڕێگای نیشتمان، لە بەرامبەر ئارامی، خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی مەزنی ئێراندا سەر دادەنەوێنین و پێگەی گەورەی ئەوان بەرز دەنرخێنین.
هاوشانی هەموو ئێرانییەکان، لە بەرامبەر فیداکاریی پارێزەرانی نیشتمان و هێزە چەکدارەکانی وڵات کە وەڵامێکی شایستەیان دایەوە بە دەستدرێژیکاران، سەر دادەنەوێنین و جەخت لەسەر ئیرادەی خۆمان دەکەینەوە بۆ بەدواداچوونی مافەکانی قوربانیان، ڕووبەڕووبوونەوەی بێسزایی تاوانباران و بەرگریکردن لە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام.
لە کۆتاییدا، جارێکی دیکە ئارامی، خۆڕاگری، هاوسۆزی، یەکڕیزی و بەرگریی گەلی پڕ لە شانازیی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکەی ئەم دواییانەی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا بەرز دەنرخێنین و چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەین کە هیچ نەتەوەیەک و هیچ مرۆڤێک نەبێتە قوربانیی جەنگ، تیرۆر، بێدادپەروەری و چەکەکانی کۆمەڵکوژ، و جیهان لەسەر بنەمای دادپەروەری، ڕاستی، ڕێزی یەکتری و کەرامەتی مرۆیی دابمەزرێت.
Your Comment