ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پڕۆسەی ڕێککەوتنی نێوان کوردەکان و دیمەشق

​نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە؛ لەوانەش تێکەڵکردنی چوار تیپی سەربازی، ئازادکردنی زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ دەستبەسەرکراو و چارەسەرکردنی کێشەی بڕوانامە خوێندنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

​بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە سەرەڕای پێشکەوتن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ڕاگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، هێشتا ناکۆکیی گرنگ لە نێوان هەردوولادا هەیە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئایندەی پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو پێکهاتەی دەوڵەتدا دەبێت.
​کلۆدیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، لە کۆبوونەوەی مانگانەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند کە پرۆسەی ڕاگواستنی سیاسی لە سووریا چووەتە قۆناغێکی "هەستیار"ەوە، و هاوکات دەرفەت و مەترسییەکان پێکەوە هاتوونەتە پێشەوە.
​بە گوتەی ئەو، تا ئێستا چوار تیپی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەناو پێکهاتە نیشتمانییەکاندا تێکەڵ کراون و مووچەکانیان لە حکومەتی ناوەندی وەردەگرن. هەروەها نزیکەی هەزار و ٣٠٠ کەس لەو دەستبەسەرکراوانەی سەر بەم هێزانە بوون، ئازاد کراون.
​کۆردۆن ئاماژەی بە پێشکەوتن لە گەڕانەوەی خێزانە ئاوارە کوردەکان بۆ ناوچەکانی وەک عەفرین کرد، لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی دانپێدانان بەو بڕوانامە خوێندنییانەی کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە دەرکراون؛ ئەم هەنگاوانەشی بە دەستکەوتی گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا دانا.
​سەرەڕای ئەمانەش، ناوبراو جەختی کردەوە کە چەند دۆسیەیەکی سەرەکی هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە؛ لەوانەش: تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایش لەناو وەزارەتی ناوخۆی سووریادا، دیاریکردنی پێگەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)، چۆنیەتی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی مەدەنیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو پێکهاتەی دەوڵەتدا، و هەروەها چارەنووسی سیستمی پەروەردە و پرۆگرامەکانی خوێندنی ئەو ناوچانە.
​نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە ڕەوتی گشتیی ڕاگواستنی سیاسی لە سووریا کرد و نیگەرانیی خۆی لە دواکەوتنی پێکهێنانی ئەنجومەنی گەل (پەرلەمان) دەربڕی و گوتی، بەردەوامیی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی لاوازبوونی متمانەی گشتی بە پرۆسەی سیاسی.
​لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا لە بەردەوامیی چالاکییەکانی شانەکانی داعش، خراپبوونی دۆخی ئابووری و بەردەوامیی قەیرانی مرۆیی لە سووریا. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار پەنابەر و نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان گەڕاونەتەوە، بەڵام پێداویستییە مرۆییەکان هێشتا بەربڵاون و بەرنامەی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها نزیکەی ٢٠٪ی ئەو سەرچاوە داراییانەی پێگەیشتووە کە پێویستن.

News ID 227425

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha