ئەردۆغان: ئێران و ناوچەکە لە لێوارەی داڕمان ڕزگاریان بوو

​ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە گوتارێکدا ئاماژەی بە قەیرانەکەی ئەم دواییەی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە پشتبەستن بە سیاسەتێکی عاقڵانە و خۆڕاگرانە، توانیویەتی تورکیا لە "ئەڵقەی ئاگر" دوور بخاتەوە و لە دژی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ هەڵگیرساندنی قەیرانی نوێ لە ناوچەکەدا بوەستێتەوە.

​بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەردۆغان کە هاوکات سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانە (AKP)، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، بەشێکی گرنگی گوتارەکەی تەرخانکرد بۆ قەیرانی ئەم دواییەی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا و لێکەوتەکانی بۆ سەر ناوچەکە.
​ئەردۆغان ئاماژەی بە پێگەی ئێستای تورکیا لە گۆڕانکارییە هەرێمییەکاندا کرد و وتی: "ئەنقەرە لە کاتی قەیرانەکەی ئێراندا جارێکی دیکە توانای باڵای سیاسەتی دەرەوەی خۆی نیشان دایەوە. تورکیا بە سیاسەتێکی بنسەراو لەسەر ژیری، خۆڕاگری و دادپەروەری، توانی وڵات لە ئەڵقەی ئاگر بپارێزێت".

​ناوبراو وتیشی: "سەرەڕای هەموو هانددان و ئیستفزازەکان، ڕێگەمان نەدا تەنانەت خوێن لە لووتی یەک هاووڵاتییشمان بێت. لە بەردەم یارییەکانی ئیسرائیلدا کە ئامانجی هەڵگیرساندنی ئاژاوەی نوێ بوو لە ناوچەکەدا، سەرنەمانەواند".
​سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە قەیرانی ئێران، گرنگی و لێهاتوویی سیستمی سەرۆکایەتی تورکیای لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا دەرخستووە. ئەو جەختی کردەوە کە یەکێک لە پڕمەترسیترین ململانێکان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، بەهۆی سیاسەتی "دووربینانە"ی پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانیی گەلەوە بەڕێوە براوە.
​​ئەردۆغان باسی لە ڕۆڵی دامەزراوەکانی تورکیا کرد لەم پرۆسەیەدا و ڕایگەیاند کە دەزگای دیپلۆماسی و دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵات لەم ماوەیەدا هەوڵێکی زۆریان داوە؛ هەم لە ڕێگەی دیپلۆماسیی پشت پەردەوە، هەم بە هەڵوێستی ڕاستەوخۆ و هەم بە دەستێوەردان پێش کێشەکان، بە وردی هاوکاریی پرۆسەی دانوستاندنیان کردووە.
​پاشان هۆشداریی دا کە ئێستا قۆناغێکی هەستیارتر دەستی پێکردووە و وتی: "دەزانین ئیسرائیل تەنانەت بەرگەی بچووکترین ئەگەری ئاشتیش ناگرێت. کاتێک سەیری لێدوانەکانی ١٠ ڕۆژی ڕابردوو دەکەین، دەبینین لە بەردەمماندا نەک عەقڵیەتێکی دەوڵەتی، بەڵکو گروپێک لە ڕادیکاڵی لەکۆنترۆڵ دەرچوو هەن."
​ئەردۆغان بە توندی ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرت و وتی دۆخەکە بە جۆرێک خراپە کە لایەنە جیاوازەکان لە ناوخۆی ئیسرائیلدا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە "کەمتر مرۆڤ دەکوژن" یان " کەمتر خوێن دەڕێژن". ئاماژەی بەوەش کرد کە هەم حکوومەت و هەم ئۆپۆزسیۆن لە ئیسرائیل، لەسەر سیاسەتی شەڕ و کوشتار بەردەوام ئاستی گرژییەکان بەرزتر دەکەنەوە.
​سەرۆککۆماری تورکیا ئیسرائیلی بە "تۆڕی کوشتار" وەسف کرد کە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لە ناسەقامگیریی دراوسێکان و وڵاتانی دیکەدا دەبینێتەوە، و تیرۆر و داگیرکاریی کردووە بە سیاسەتی فەرمیی دەوڵەتەکەی. بە گوتەی ئەو، ئیسرائیل لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا هەوڵی داوە ئەو ڕێککەوتنە تێکبدات کە بە ڕەنجی هەموو لایەنەکان بەدەستهاتبوو.
جەختیشی کردەوە کە تورکیا تەنانەت ئەگەر دەرچەیەکی زۆر بچووکیش بۆ ئاشتی هەبێت، لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانی پاشەکشە ناکات و لە قۆناغی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ چارەسەری بەردەوامی قەیرانی ئێران.
​ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، قەیرانی ئێرانی بەستەوە بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" و وتی ئەم قەیرانە نیشانی دا کە ئەم پرۆسەیە نەک تەنها بۆ تورکیا و ناوچەکە، بەڵکوو بۆ کوردیش گرنگییەکی ژیانیی هەیە.
​ئەو ڕایگەیاند کە ئەو کەشوهەوا ئەرێنی و کەناڵانەی گفتوگۆ کە ئەم پرۆسەیە دروستی کردوون، ڕێگر بوون لە دروستبوونی ئاژاوەی گەورەتر کە دەبووە هۆی زیان گەیاندن بە کوردیش. ئەردۆغان وتی: "لە داهاتوودا بە ڕوونی دەبینرێت کە ئێمە وەک تورک، کورد، عەرەب و فارس، چ یارییەکی خوێناوی و شاراوەمان تێکدا و چۆن ناوچەکەمان لە لێواری لێژی و پرتگاهێک گەڕایەوە".
ئەردۆغان ​لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە قەیرانە هەرێمییەکان پێویستیی بەڕێوەبردنی هاوکاتی چەندین مەلەفی هەستیاریان زیاتر کردووە، و ئەنقەرە بەم روانگەیەوە، هەم قەیرانی ئێران و هەم پرۆسە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی پەیوەست بە ئاسایش و ئاشتی پێش دەخات.

News ID 227420

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha