بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری «نەشناڵ کۆنتێکست» لە شیکارییەکدا دەنووسێت: دەستبەکاربوونی تۆڕی هەواڵیی نووچە تیڤی، بەشێکە لە پرۆسەی داڕشتنەوەی بەرفراوانی ئەو میدیایانەی کە لە پەکەکەوە نزیکن. ئەم گۆڕانکارییە زیاتر لەوەی میدیایی بێت، ڕەنگدانەوەی گۆڕانی ستراتیژی سیاسیی ئەم بزووتنەوەیەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم کەناڵە لە ١٥ی ئایارەوە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی زمانی کوردی، چالاکییەکانی خۆی لە ئەڵمانیاوە دەستپێکردووە و ئۆفیسی لە ئامەد، قامیشلۆ و سلێمانی هەیە؛ جوگرافیایەک کە بە بڕوای نووسەر، بەوردی ناوەندە سەرەکییەکانی هەژموونی سیاسیی ئێستای ڕەوتی نزیک لە پەکەکە نیشان دەدات.
ئامەد ناوەندی چالاکیی سیاسیی یاسایی کوردانە لە تورکیا، قامیشلۆ بارەگای سەرەکەیی هێزەکانی سوریای دیموکراتە (هەسەدە) و سلێمانیش ناوچەی هەژموونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە؛ ئەو پارتەی کە نزیکترین پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هەیە.
هاوکات، کەناڵی «ستێرک تیڤی» کە ساڵانێک بوو تریبۆنی سیاسیی سەرکردەکانی پەکەکە بوو، بەرەو بەرنامە ڕۆشنبیرییەکان ئاڕاستە کراوە و ئەرکی ڕووماڵی سیاسی بۆ «نووچە تیڤی» گواستراوەتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە لە ڕوانگەدا تەنها بە یەک کەناڵی تەلەفزیۆنییەوە سنووردار نییە. دەستپێکردنی کەناڵی «زاگرۆس ٢٤» بۆ بینەرانی کورد و فارسیزمانی ئێران، دامەزراندنی ڕادیۆی «کورد ئێف ئێم» لە ئەڵمانیا و پێکهێنانی «ئەکادیمیای کوردی» لە سویسرا، ئەوانیش بەشێکن لەم ستراتیژە نوێیە.
بەپێی نووسینی ئەم شیکارییە، ئەم پێشهاتانە هاوکات لەگەڵ سێ پرۆسەی گرنگی سیاسی ڕوویانداوە: پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە، تێکەڵبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو پێکهاتەی دەوڵەتی نوێی سوریا، و گۆڕانی پێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئێستا زیاتر لە ڕابردوو بووەتە کەناڵی بەڕێوەبردنی ئەم گواستنەوە سیاسییە.
نووسەر پێیوایە پەکەکە چیتر داهاتووی خۆی لەسەر بنەمای ناوچە شاخاوییەکان، پێکهاتە هاوتەریبەکان و هێزی سەربازی پێناسە ناکات، بەڵکو دەیەوێت ئامادەیی خۆی لە ڕێگەی سیاسەتی یاسایی، مافە ڕۆشنبیرییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و تۆڕە سنووربەزێنەکانەوە جێگیر بکات. لەم ڕوانگەیەوە، میدیا نوێیەکان بەشێکن لە ژێرخانی ئەم ستراتیژە، نەک تەنها ئامرازێک بۆ گەیاندنی زانیاری.
ئەم شیکارییەی سەرەوە، هەروەها ئەگەری دیداری نێوان مەزڵوم عەبدی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەو ئەڵقەیە دەزانێت کە ئەم پرۆسەیە تەواو دەکات؛ دیدارێک کە ئەگەر بێتە دی، دەکرێت تێکەڵبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو پێکهاتەی دەوڵەتی سوریا، نەک وەک پاشەکشە، بەڵکو وەک بەشێک لەو ستراتیژە سیاسییە بناسێنێت کە ئۆجەلان مەبەستیەتی.
لە بەشێکی تریدا، نووسەر ئاماژە بە گۆڕانی ڕوانگەی ئەمریکاش دەکات. بە وتەی ئەو، واشنتۆن چیتر پشتگیرییەکانی خۆی لەسەر دامەزراوە سەربەخۆکانی کورد چڕ ناکاتەوە، بەڵکو پشتگیری لە هێزە کوردییەکان لە چوارچێوەی پێکهاتە فەرمییەکانی دەوڵەتانی عێراق و سوریا دەکات؛ گۆڕانکارییەک کە لەگەڵ ئەرکە ناوچەییەکەی «تۆم باراک»یشدا دەگونجێت.
لە بەرامبەردا، ئەم پرۆسەیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان وەک تەحەددا و دۆخێکی دژوار وەسف کراوە. بە بڕوای نووسەر، مۆدێلی دەسەڵاتی ئەم پارتە لەسەر دامەزراوە سەربەخۆکانی هەرێم، هێزەکانی پێشمەرگە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن و ئەنقەرە و ڕۆڵی تایبەتی هەولێر دامەزراوە؛ ئەو پێکهاتانەی کە لە چوارچێوەی نەزم و سیستمی نوێی ناوچەییدا، گرنگیی پێشووی خۆیان لەدەست دەدەن.
بەپێی ئەم شیکارییە، ئەوەی ئەمڕۆ لە شێوەی کەناڵە تەلەفزیۆنی، ڕادیۆیی و سەنتەرە ڕۆشنبیرییە نوێیەکاندا دەبینرێت، لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەندازیاریکردنی ئامادەییەکی سیاسی نوێیە بۆ ئەو بزووتنەوەیەی کە لە پەکەکەوە نزیکە، کە لە جیاتی پشتبەستن بە هێزی سەربازی، لەسەر سیاسەتی یاسایی، هاوکاریی سنووربەزێن و چالاکی لە چوارچێوەی پێکهاتە فەرمییەکانی دەوڵەتاندا بنیاد دەنرێت.
دەستپێکردنی کارەکانی تۆڕی هەواڵیی «نووچە تیڤی» و کۆمەڵێک میدیا و دامەزراوەی ڕۆشنبیریی نوێی سەر بە ڕەوتی نزیک لە پەکەکە، تەنها گۆڕانکارییەکی میدیایی نییە؛ بەڵکو نیشانەیەکە بۆ داڕشتنەوەی سیاسیی ئەم ڕەوتە لە تورکیا، سووریا، عێراق و ئەورووپا. بە بڕوای گۆڤاری «نەشناڵ کۆنتێکست» (National Context)، ئەم گۆڕانکاریانە ئەوە نیشان دەدەن کە پەکەکە خەریکە مۆدێلی پشتبەستوو بە هێزی سەربازی دەگۆڕێت بۆ تۆڕێک کە پشت بە سیاسەتی یاسایی، دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان و ڕێکخستن لە دەرەوەی سنوورەکان، دەبەستێت.
News ID 227419
Your Comment