کوردپرێس؛ دەقی ڕاگەیاندراوەکەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەمشێوەیە:
ھاووڵاتیانی خۆشەویست
لە سۆنگەی ھەستکردنمان بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتمانی، ھاوکات بۆ ڕێگری لە چەواشەکاری و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بۆ مێژوو، بە باشمانزانی وەڵامی بەشێک لە قسە و چەواشەکارییەکانی وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بدەینەوە، کە دوابەدوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حزبەکەی لە ڕێکەوتی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن قسەیکرد، مەبەستمانە ڕاستییەکان بە خەڵکی خۆڕاگر و تێکۆشەری کوردستان ڕابگەیەنین.
دوای ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە کاتێکدا کە پارتیمان سەردان و دانوستانەکانی چڕکردبۆوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی نوێ، یەکێتی دەستیکرد بە کات کوشتن بۆ ھەڵنەبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکنەھێنانی کابینەی دەیەم. چونکە لە ناخی خۆیاندا باوەڕیان بە پڕۆسەی دەنگدان و ھەڵبژاردن نیە بۆیە کەوتنە بیانو ھێنانەوە و، بە ئاشکراش ھەستدەکرا کە پشتگیری دەکرێن بۆ ئەم ڕەفتار و مەرامەیان، سەرۆکی یەکێتی نەیشاردەوە و بە بەرچاوی خەڵکەوە ڕایگەیاند کە لەگەڵ پێکھێنانی دامەزراوە شەرعیەکان نیە.
وتەبێژەکەی یەکێتی دەبوایە ئاماژەی بە ژمارەی دەنگ و کورسیەکانی خۆیان و پارتی بکردبایە لە ھەردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوکات دەردەکەوت ئێمەی پارتی نوێنەرایەتی چەندی خەڵکی کوردستان دەکەین و ئەوانیش نوێنەرایەتی چەند دەکەن، شایستەی ھەڵبژاردن لەسەر ئەو شەرعیەتەی خەڵک پێوانە دەکرێت نەک لەسەر دروشم و ناڕاستی، خەڵکی کوردستان متمانەیان دایەوە بە پارتی چونکە لێی دڵنیابوون دەستکەوتەکانیان دەپارێزێت.
یەکێتی بە ھەموو تێبینیەکانیشەوە خاوەنی (٢٣) کورسی پەرلەمانییە، لای خەڵکی کوردستان ڕوونە رووداوە کارەساتبارەکەی لالەزار و زیندانیکردنی کەسی یەکەمی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەپێناو چی بوون، ئەم ڕووداوانە و کۆمەڵێک ڕووداوی دیکەی لەو شێوەیەیە کە وتەبێژەکەی یەکێتی شانازیان پێوەدەکات و وادەزانێ خەڵکی کوردستان ئەم ڕووداوە شەرم ئامێزانەی لەبیرکردووە! کوردستانییان زۆر لەوە زیرەکتر و داناترن بە ڕیزکردنی چەند وشە و ڕستەیەکی ئاخنراو بە چەواشەکاری باوەڕ بکەن.
پارتی بەرپرسیارانە بەرامبەر ڕێباز و خەباتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی خۆی و لە ڕوانگەی خەمخۆری بۆ بەرژەوەندییەکانی ھاووڵاتیانی کوردستان و پاراستنی ماف و دەستکەوتەکان، کە بەخوێن و خەباتی چەندین ساڵە بەدەست ھاتوون چاوپۆشی لە زۆر ھەڵوێستی ڕابردوو و ئێستای یەکێتی کردووە، بەڵام پێویستە ئەوەشیان بۆ ڕاست بکەینەوە کاتێک دەڵێن یەکێتی سازش لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان ناکات، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە تەنیا یەکێتییە مافی خەڵک و دەنگدەرانی کوردستانی پێشێل کردووە و بۆتە کۆسپ لەبەردەم پڕۆسەی دیموکراسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان. یەکێتی تەنیا نوێنەرایەتی دەنگدەرانی خۆی دەکات، ئەو لایەنەی کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەکات ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەمەش متمانە و بڕیاری خەڵکە، بۆیە پارتی ھەرگیز سازش لەسەر ماف و ویستی کوردستانییان ناکات و مافەکانیان دەپارێزێت.
یەکێتی لەسەر زاری وتەبێژەکەی باسی باڵ باڵێن دەکات! باشە یەکێتی لە بەکارھێنانی ھەندێک چەمکی نابەجێ بەخۆیاندا بچنەوە، چونکە وەڵامنەدانەوەی پارتی سنووری خۆی ھەیە، سروشتی پارتی وایە کە یەک ڕێبەر و یەک بڕیار و یەکگرتووە، ھەر واش دەمێنێتەوە بەرامبەر ئاڵنگاییەکان و پیلانەکانی ئەوان و ئەوانەشی لە پشت ئەوان بوون، ھەر بۆیەش پارتی سەرکەوتوو بووە و یەکێتیش بەو دۆخەی ئێستای گەیشتووە، مێژووش شاھیدە لەسەر ئەم بابەتە.
قسەی ڕاستی وتەبێژەکەی یەکێتی ئەوەبوو کە دەڵێ” سیاسەتی خۆسەپێنی زیان بە ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت” دەی ئەوە یەکێتییە دەیەوێت بە زۆرداری و بەبێ گوێدانە دەنگ و ڕای خەڵکی کوردستان خۆی بەسەر ئاکام و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردندا بسەپێنێ و ھیچ حیسابێک بۆ دەنگ و ژمارەی کورسی لایەنەکان نەکرێت.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەموو کوردستان و کوردستانیان لەلامان ئازیزن و پێمانخۆشە خزمەتیان بکەین، ئەوە یەکێتییە جیاکاریی دروستکردووە و ناھێڵێت یاسا و ڕێنماییە ئیداری و مالیەکان و پڕۆژەکانی حکوومەتی ھەرێم لە ھەموو سنووری کوردستان جێبەجێ بکرێن.
ھیوادارین ئەو ڕەفتارانەیان بگۆڕن و چیتر بەشێکی گرنگ و ئازیزی ھەرێمەکەمان نەکەنە بارمتەی جێبەجێکردنی مەرامەکانیان، چیتر نەبنە ھۆی نیگەرانی و، یەک پارچەیی ھەرێم و قەوارەکە و ماف و دەستکەوت و سەقامگیریی خەڵکی کوردستان لە بەرچاوبگرن و، چیتر نەیار و دوژمنانی گەلەکەمان دڵخۆش نەکەن.
مەحموود محەممەد
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦
Your Comment