هەموو ئەو ئازارانەی چەشتوومە فیدای ئاشتی بێت؛ ئاشتی لە ئێمە گەورەترە

ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆک شارەوانیی دوورخرایەوەی ئەسەنیورت، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی هاوێشتنی هەنگاوی کرداری لە پرۆسەی ئاشتیدا گوتی: «ئاشتی لە ئێمە گەورەترە؛ ئەو ئازار و سزایەی چەشتوومە فیدای ئاشتی بێت؛ دەبێت هەمووان لە پێناو گەیشتن بە ئاشتیدا فیداکاری بکەن.»

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد ئۆزەر، سیاسەتمەداری کورد و سەرۆک شارەوانیی دوورخرایەوەی ناوچەی ئەسەنیورتی ئەستەنبوڵ، لە کاتی پشتگیریکردنی لە پرۆسەی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک»، داوای لە حکومەت کرد هەنگاوی بەپەلە و متمانەبەخش بهاوێژێت و جەختی کردەوە کە بەبێ بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەکان و بەدەستهێنانی متمانەی کۆمەڵگە، ئاشتیی بەردەوام نایەتە دی. ئەو بە ئاماژەدان بە زیندانیکردن و دوورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆک شارەوانی گوتی: «ئاشتی لە ئێمە گەورەترە. ئەگەر ئاشتی جێگیر بێت، با هەموو ئەو ئازار و سزایانەی کە چەشتوومە فیدای بێت.» ئەو هەروەها هۆشداریی دا کە گوشار خستنە سەر ئۆپۆزسیۆن و کردنەوەی دۆسیەی دادوەری دژی جەهەپە (CHP) و کەسایەتییەکانی وەک ئەکرەم ئیمامۆغڵو، دەکرێت متمانەی گشتی بە پرۆسەی ئاشتی لاواز بکات.

ئەحمەد ئۆزەر لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی "مێزۆپۆتامیا"، ئاماژەی بە پرۆسەی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» کرد و جەختی کردەوە کە لەسەر ئاستی سیاسی، کۆدەنگییەکی کەموێنە لە نێوان پارتەکانی تورکیادا دروست بووە. بە گوتەی ئەو، نزیکەی هەموو ئەو پارتانەی لە پەرلەماندا ئامادەن، تەنها یەک پارت نەبێت، بەشدارن لەم پرۆسەیەدا و تەنانەت هەندێک پارتی دەرەوەی پەرلەمانیش نوێنەرانی خۆیان بۆ پشتبەستن بەم پرۆسەیە ناساندووە. ئەو ئەم بابەتەی بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی قۆناغی ئەم دواییانە دانا و گوتی: «ڕەنگە گرنگتر لە ناوەرۆکی ڕاپۆرتە ئامادەکراوەکە ئەوە بێت کە پارتەکانی وەک پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (MHP) و دەم پارتی (DEM)، یان پارتی داد و گەشەپێدان (AKP) و پارتی کۆماریی گەل (CHP) توانیویانە لەسەر دەقێکی هاوبەش ڕێکبکەون. ئەمە خۆی دەستکەوتێکی سیاسیی گرنگە.» لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە کە ئەزموونی پرۆسەکانی پێشوو نیشانی داوە ڕێککەوتنی نێوان پارتەکان و بژاردەی سیاسی بە تەنیایی بەس نییە بۆ سەرکەوتن، بەڵکو دەبێت بگۆڕدرێت بۆ پاڵپشتییەکی گشتی لەلایەن کۆمەڵگەوە.

ئەو زیادی کرد: «کۆدەنگیی سیاسی پێویستە بەڵام بەس نییە. دەبێت ئەم کۆدەنگییە بگۆڕدرێت بۆ کۆدەنگییەکی کۆمەڵایەتی. خەڵک دەبێت ئەم پرۆسەیە قبوڵ بکەن، بە هی خۆیانی بزانن و هەست بکەن کە ئاشتی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانیان دەبێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، پێویستە حکومەت هەنگاوی متمانەبەخش بهاوێژێت.» ئۆزەر لەم چوارچێوەیەدا داوای کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی سیاسەتمەداران، سەرۆک شارەوانییەکان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی سیاسی کرد و گوتی: «لە یاساکانی تورکیادا، دەستبەسەرکردن حاڵەتێکی ناوازەیە (ئیسپاتە)، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە نەریتێک. سەرۆک شارەوانییەکان، نوێنەرانی پەرلەمان، سەرۆکی پارتە سیاسییەکان، ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران لە زینداندان. ئەم کەسانە دەبێت تا کاتی دەرچوونی حوکمی کۆتایی، بەبێ دەستبەسەرکردن دادگایی بکرێن.» وی هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی ئازادکردن یان بەدەمەوەچوونی بەپەلی دۆخی زیندانیانی نەخۆش، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی دانانی قەیوم لە شارەوانییەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای دەستووریی تورکیا و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کردەوە.

هەموو ئەو ئازارانەی چەشتوومە فیدای ئاشتی بێت؛ ئاشتی لە ئێمە گەورەترە

هەموو ئەو ئازارانەی چەشتوومە فیدای ئاشتی بێت

ئۆزەر کە دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەسەنیورت بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و بۆ ماوەیەکیش زیندانی کرا، ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەموو ئەم ڕووداوانە هێشتا پاڵپشتی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات. ئەو گوتی: «هەندێک کەس پێم دەڵێن سەرەڕای هەموو ئەو گوشار و سزایانەی کە چەشتووتە، بۆچی هێشتا بەرگری لە ئاشتی دەکەیت؟ وەڵامی من ڕوونە؛ ئاشتی لە ئێمە گەورەترە. ئەگەر ئاشتی جێگیر بێت، با هەموو ئەو ئازار و سزایانەی من کێشاومە فیدای بێت. بۆ گەیشتن بە ئاشتی دەبێت هەمووان فیداکاری بکەن.»

ئەو لە درێژەدا بە ڕەخنەگرتن لە گوشارە سیاسی و دادوەرییەکان دژی پارتی کۆماریی گەل (CHP) هۆشداریی دا کە ئەم بڕیارانە دەکرێت کاریگەری بکەنە سەر پرۆسەی ئاشتیش. بە گوتەی ئەو، «ئەو ئاشتییەی کە جەهەپەی تێدا بەشدار نەبێت، چانسی سەرکەوتنی زۆر کەمە.» ئەو بە ئاماژەدان بە دۆسیە دادوەرییەکان دژی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن، لەوانە ئەکرەم ئیمامۆغڵو، گوتی حکومەت لە جیاتی فراوانکردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی گشتی، هەوڵ دەدات ئۆپۆزسیۆن لاواز بکات. ئەو زیادی کرد: «ئیمامۆغڵو وەک بەربژێرێکی بەهێز بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار توانیبووی پاڵپشتییەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەدا بەدەست بهێنێت، بەڵام هەوڵ درا لە گۆڕەپانی کێبڕکێی سیاسی دوور بخرێتەوە. حکومەت دوای ساڵانێکی زۆر لە دەسەڵاتدا چیتر ناتوانێت خۆی گەورەتر بکات و ڕەزامەندیی گشتی بەرهەم بهێنێت، لەبەر ئەوە هەوڵ دەدات ڕکابەرەکانی بچووک بکاتەوە، دابەشیان بکات و لاوازیان بکات. گوشارەکانی سەر جەهەپە و هەوڵدان بۆ دروستکردنی کەرت لە نێوان ئۆپۆزسیۆندا بەشێکە لەم سیاسەتە.»

ڕەخنە لە گوشارەکانی سەر جەهەپە و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن

ئۆزەر بەشێکی گفتوگۆکەی تەرخان کرد بۆ گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەی دەوروبەری پارتی کۆماریی گەل (CHP) و بە ڕەخنەگرتن لەوەی کە ناوی ناوە "گوشاری سیاسی و دادوەری دژی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن"، هۆشداریی دا کە ئەم ڕەوتە نەک تەنها لەسەر کەشی سیاسیی وڵات، بەڵکو لەسەر چارەنووسی پرۆسەی ئاشتیش کاریگەریی نەرێنی دەبێت. ئەو بە ئاماژەدان بە دۆسیەی پەیوەندیدار بە «بەتاڵکردنەوەی ڕەها»ی کۆنگرەی پارتی کۆماریی گەل و هەروەها کۆمەڵێک دۆسیەی دادوەری کە دژی سەرۆک شارەوانییەکان، بەڕێوەبەران و کەسایەتییە دیارەکانی ئەم پارتە کراونەتەوە، گوتی ئەم هه‌نگاوانە لە کرداریاندا بە مانای دەستێوەردانە لە کایەی سیاسەتدا لە ڕێگەی ئامرازەکانی دادوەرییەوە و دەکرێت متمانەی گشتی بە پرۆسەی دیموکراتی لاواز بکات.

بە گوتەی ئۆزەر، لە بارودۆخێکدا کە تورکیا خەریکی گفتوگۆیە دەربارەی چارەسەرکردنی یەکێک لە گرنگترین پرسە مێژووییەکانی خۆی واتە پرسی کورد و جێگیرکردنی ئاشتیی بەردەوام، ناکرێت لە هەمان کاتدا بەشێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن و ملیۆنان دەنگدەری پشتگوێ بخرێن یان بخرێنە ژێر گوشارەوە. ئەو جەختی کردەوە کە پارتی کۆماریی گەل ئەمڕۆ تەنها پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکو نوێنەرایەتیی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی تورکیا دەکات و هەر هەوڵێک بۆ سڕینەوە یان لاوازکردنی، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر شەرعییەت و سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی. ئەو لەم بارەیەوە گوتی: «ئایا دەکرێت بە وەلانانی نیوەی کۆمەڵگەی تورکیا ئاشتی جێگیر بکرێت؟ ئەو ئاشتییەی کە جەهەپە تێیدا ئامادە نەبێت و خۆی بە بەشێک لێی نەزانێت، بە سەختی دەتوانێت بگاتە سەرکەوتن.»

ئۆزەر لە درێژەدا ئاماژەی بە هاوکارییە سیاسییە پێکهاتووەکانی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەدا کرد و وەبیرهێنایەوە کە لە زۆربەی شارە گەورەکاندا، لەوانە ئەستەنبوڵ، پاڵپشتیی یەک دوولایەنە لە نێوان ڕەوتەکانی ئۆپۆزسیۆندا، لەوانە دەنگدەرانی کورد و هێزە نزیکەکان لە دەم پارتی، ڕۆڵێکی گرنگی لە سەرکەوتنی بەربژێرەکانی ئۆپۆزسیۆندا گێڕاوە. ئەو جەختی کردەوە کە پێکهێنانی هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەو شێوەیە نیشاندەری خواستی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە بۆ دیموکراسی، بەشداریی سیاسی و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناکۆکییەکان و نابێت بە هەنگاوی دادوەری و سیاسی لاواز بکرێت.

سەرۆک شارەوانیی دوورخرایەوەی ئەسەنیورت هەروەها باسی لە دۆسیە دادوەرییەکان دژی ئەکرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆک شارەوانیی ئەستەنبوڵ و یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆن کرد و گوتی ئیمامۆغڵو لە ساڵانی ڕابردوودا توانیبووی وەک بژاردەیەکی جدی بۆ کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا بێتە پێشەوە و پاڵپشتییەکی بەرفراوانی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، لەوانە دەنگدەرانی ئۆپۆزسیۆن، گەنجان و تەنانەت بەشێک لە پارێزگارانیش بەدەست بهێنێت. ئۆزەر پێی وایە ئەو ڕەوتەی دژی ئیمامۆغڵو دەستی پێکردووە، هەوڵێکە بۆ دەرکردنی یەکێک لە گرنگترین ڕکابەرە سیاسییەکان لە مەیدانی کێبڕکێدا.

پارتی داد و گەشەپێدان تووشی داڕمانی سیاسی و کەمبوونەوەی توانای ڕەزامەندیی کۆمەڵایەتی بووە

ناوبراو لە درێژەدا بە ڕەخنەگرتن لە ئەدای حکوومەت گوتی دوای زیاتر لە دوو دەیە لە ئامادەیی پارتی داد و گەشەپێدان لە دەسەڵاتدا، حاکمییەت لەگەڵ کێشەی داخورانی سیاسی و کەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنانی ڕەزامەندیی کۆمەڵایەتیدا ڕووبەڕوو بووەتەوە. بە بڕوای ئەو، لە بارودۆخێکی وەهادا لە جیاتی هەوڵدان بۆ فراوانکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و پێشکەشکردنی بەرنامەی نوێ، سەرنجەکان لەسەر سنووردارکردنی مەیدانی چالاکیی ڕکابەرە سیاسییەکان زیادی کردووە. ئەو گوتی: «کاتێک دەسەڵاتێکی سیاسی چیتر ناتوانێت خۆی گەورەتر بکات، هەوڵ دەدات ڕکابەرەکەی بچووکتر بکاتەوە. گوشار بۆ سەر جەهەپە، دۆسیەسازی دژی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن، سنووردارکردنی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان و هەوڵدان بۆ دروستکردنی کەرت و فرەدەستی لە ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆندا، هەموویان لەم چوارچێوەیەدا شیکارییان بۆ دەکرێت.»

هەموو ئەو ئازارانەی چەشتوومە فیدای ئاشتی بێت؛ ئاشتی لە ئێمە گەورەترە

هەموو بڕیارەکان لە کۆتاییدا ئەردۆغان دەیاندات و دەوڵەتی شاراوە شتێکی جیاواز نییە لەو

ئۆزەر هەروەها ئەو گێڕانەوانەی ڕەت کردەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە بۆ چەمکگەلێکی وەک «ئەقڵی دەوڵەت»، «دەوڵەتی قووڵ» یان پێکهاتە نەبینراوەکانی دەسەڵات دەگێڕنەوە و گوتی بەرپرسیارێتیی بڕیارە سیاسی و دادوەرییەکان لە کۆتاییدا لە ئەستۆی حاکمییەتی سیاسییە. ئەو زیادی کرد: «گاهی دەگوترێت ئەم بڕیارانە بەرهەمی ئیرادەی دامەزراوە شاراوەکان یان پێکهاتەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ دەوڵەت، بیرۆکراسی و دامەزراوە جێبەجێکارەکان لە ژێر دەستی حاکمییەتی سیاسیدان و بەرپرسیارێتیی ئەم بڕیارانەش ڕووی لە هەمان حاکمییەتە. بۆیە ناکرێت لە لایەکەوە باسی ئاشتی، دیموکراسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بکرێت و لە لایەکی تریشەوە گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی وڵات بخرێتە ژێر گوشارەوە.»

هۆشداری دەربارەی جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی پرۆسەی ئاشتی

ئۆزەر لە درێژەدا ئاماژەی بە ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دەوڵەت باخچەلی لە پرۆسەی ئێستادا کرد و گوتی هەردوولا هەنگاو و لێدوانی گرنگیان هەبووە کە ئێستا دەبێت لەگەڵ هەنگاوی کرداریدا هاوتەریب بن. ئەو وەبیرهێنایەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی داوای کۆتاییهێنانی بە چالاکییە چەکدارییەکان کردووە و دوای ئەوەش هەنگاوی هێمایی سووتاندنی چەکەکان لە سلێمانی ئەنجام دراوە. لە لایەکی تریشەوە، دەوڵەت باخچەلی چەندین جار باسی لە پێویستیی پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی کردووە و تەنانەت لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا باسی لە گەڕانەوەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ ماڵەوە و گەڕانەوەی هەندێک کەسایەتیی سیاسی بۆ کایەی گشتی کردبوو.

ئۆزەر گوتی: «ئەگەر دوای ئەم هەموو بانگەواز و بەڵێنانە، هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنرێت، لایەنگرانی هەردوولا دەپرسن بۆچی هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە. ئەم دۆخە دەکرێت پێگەی ئەو کەسانە لاواز بکات کە پاڵپشتییان لە پرۆسەی ئاشتی کردووە.»

ناوبراو لە کۆتاییدا هۆشداریی دا: «ئەم پرۆسەیە نابێت زۆر درێژە بکێشێت. هەرچەندە کاتی زیاتر تێپەڕێت، ئەگەری خراپ بەکارهێنان، هاندان و دروستکردنی ڕێگری زیاتر دەبێت. بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەبێت هەرچی خێراترە هەنگاوی بەرجەستە و متمانەبەخش بهاوێژرێت.»

News ID 227376

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha