ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە گرنگە

وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، و ئەم ڕێککەوتنە بە قۆناغێکی گرنگ لە ڕێڕەوی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا دادەنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک پێشوازی لەو ڕێککەوتنە کرد کە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بەدەست هاتووە.

فیدان لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: «دڵخۆشین بەو ڕێککەوتنەی کە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کراوە؛ ئەم ڕێککەوتنە بە هەنگاوێکی گرنگ لە ڕێگەی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا ئەژمار دەکرێت». ناوبراو هیوای خواست کە گفتوگۆ تەواوکارییەکانیش بە ڕوانگەیەکی بنیاتنەرانەوە بەردەوام بن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا وێڕای پیرۆزبایی لە لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە و هەروەها وڵاتانی نێوەندگیر، بەتایبەت پاکستان و قەتەر کە ڕۆڵیان لەم پڕۆسەیەدا گێڕاوە، ڕایگەیاند: «بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێک بە مەبەستی تێکدانی ئەم ڕێککەوتنە و هەروەها بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی، پێویستە سەرجەم وڵاتانی پێوەندیدار بە ژیری و بەرپرسیارێتییەوە ڕەفتار بکەن».

فیدان هەروەها جەختی کردەوە: «تورکیا بە ڕێبەرایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە سەرەتای ئەم پڕۆسەیەوە پشتگیرییەکی بەرفراوانی لێ کردووە و هەوڵی بەرچاوی لەم بوارەدا داوە».

لە کۆتاییدا ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

News ID 227342

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha