بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەکاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و شەڕی غەززە و ئاڵۆزییەکانی سووریاوە پێ ناوەتە قۆناغێکی نوێ و پڕشێواوی، هەرێمی کوردستانی عێراق وەک یەکێک لە کاراکتەرەکان ماوەتەوە کە توانیویەتی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی خۆی بپارێزێت. بەڵام بە بڕوای ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی لەندەن بۆ ئابووری (LSE)، ئەم سەقامگیرییە ڕواڵەتییە لەسەر بنەمایەکی لەرزۆک وەستاوە، کە زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە ناوخۆوە لەژێر گوشاردایە.
ئەم توێژینەوە نوێیە کە پێداچوونەوە بە ئەزموونی ٣٥ ساڵەی حوکمڕانیی کورد دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەکات، هۆشداری دەدات کە گەورەترین دەستکەوتی هەرێم پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆیی بووە، بەڵام ئەم یەکڕیزییە ئێستا لەژێر سێبەری بنبەستی سیاسی، پێکهاتە هاوتەریبەکانی دەسەڵات (دووئیدارەیی) و زیادبوونی کەلێنی حزبی، بەرەو داڕمان دەچێت.
لە ڕوانگەی ئەم زانکۆ بریتانیاییەوە، وتاری «پێکەوە مانەوە: هەرێمی کوردستان لە سی و پێنج ساڵیدا»، تەنها تێبینییەکی سیاسیی ئاسایی نییە، بەڵکو چوارچێوەیەکی شیکاریی بەرفراوانە دەربارەی "دەوڵەتسازیی لەرزۆک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" و پەیوەندی نێوان یەکڕیزیی ناوخۆیی و مانەوە لە ژینگەیەکی جیۆپۆلەتیکی شێواودا.
ئەم ناوەندە، هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە نموونە نیمچە سەرکەوتووەکانی دامەزراوەیی دوای شەڕ لە ناوچەکەدا دەستنیشان دەکات؛ مۆدێلێک کە بەپێچەوانەی زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە، لە ناو جەرگەی داڕمان، شەڕی ناوخۆ و دەستێوەردانی نێودەوڵەتییەوە توانیویەتی پێکهاتەیەکی حوکمڕانیی ڕێژەیی و سەقامگیر دروست بکات. بۆیە وتارەکە دەیەوێت هەرێم نەک تەنها وەک کاراکتەرێکی کوردی، بەڵکو وەک "قەوارەیەکی سیاسیی ڕزگاربوو" لە ناوچەیەکی پڕ لە داڕمانی بەردەوامدا بناسێنێت.
لە خوێندنەوەی زانکۆی لەندەندا، خاڵی ناوەندیی مێژووی هەرێم «سەربەخۆیی» نییە، بەڵکو «سەرکەوتنە بەسەر لێکترازاندا». وتارەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەزموونی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەیەی نەوەدەکندا، گەورەترین هەڕەشە بوو لەسەر بوونی هەرێم، و ڕێککەوتننامەی واشنتۆن لە ساڵی ١٩٩٨ لە ڕاستیدا پرۆژەی ڕزگارکردنی دامەزراوە کوردییەکە بوو. لەم گۆشەیەوە، ئەوەی هەرێمی پاراست تەنها پاڵپشتیی ئەمریکا یان داهاتی نەوت نەبوو، بەڵکو توانای کۆنترۆڵکردنی ململانێ ناوخۆییەکانی کورد خۆی بوو.
ئەم تێڕوانینە هاوتەریبە لەگەڵ شێوازی توێژینەوەکانی زانکۆی (LSE) کە لەبری سەرنجدان لەسەر سەرکردەکان یان ئایدۆلۆژیاکان، تیشک دەخاتە سەر "دامەزراوەکان"، "پێکهاتەکانی دەسەڵات" و "توانای حوکمڕانی". بۆیە وتارەکە قەیرانی ئێستای هەرێم وەک ناکۆکییەکی تاکتیکی نێوان حزبەکان نابینێت، بەڵکو بە نیشانەی داخورانی پێکهاتەی دەوڵەتسازیی کوردی دەزانێت. ئاماژەدان بە بوونی «پێکهاتە ئەمنییە هاوتەریبەکان» (هێزە چەکدارە جیاوازەکان)، «دارایی جیاواز» و «سیستمی ناکارای دابەشکردنی دەسەڵات»، نیشان دەدەن کە هەرێم لە ناو جەرگەی قەیرانی دەوڵەتسازیدایە، نەک تەنها بنبەستێکی سیاسیی ڕۆژانە.
بە بڕوای ئەم زانکۆیە، هەرێمی کوردستان ئێستا لە ساتەوەختێکی مێژووییدایە کە هاوشێوەی ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٣یە؛ واتە قۆناغێک کە تێیدا ڕێکخستنەوەی نەزمی ناوچەیی بەڕێوەدەچێت. ناوچەکە دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، بەڵام بەپێچەوانەی ساڵی ١٩٩١، ئەمجارە کورد فاقدی یەکڕیزیی ستراتیژییە. ناوەڕۆکی هۆشداریی وتارەکە لێرەدایە: گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان تەنها کاتێک دەبنە دەرفەت کە کاراکتەرەکە لە ناوخۆدا یەکگرتوو بێت.
لە ڕوانگەی شیکاریی زانکۆکەوە، گرنگیی هەرێمی کوردستان تەنها بە ناوخۆی عێراقەوە بەند نییە، بەڵکو وەک «ناوبژیوانێکی ناوچەیی» پێناسە دەکرێت؛ کاراکتەرێک کە واشنتۆن، ئەنقەرە، بەغدا، دیمەشق، برۆکسل و تەنانەت تاران هێشتا دەتوانن گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن. ئەمەش نیشان دەدات کە هەرێم وەک بەشێک لە تەلارسازیی ئەمنیی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت، نەک تەنها ناوچەیەکی فیدراڵی خۆجێیی. بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ یاریکردنی ئەم ڕۆڵە، بوونی ناوەندێکی بڕیاردانی یەکگرتووە لە هەولێر؛ بەپێچەوانەوە، هەرێم لە «کاراکتەرێکی جیۆپۆلەتیکی»یەوە دەبێتە «مایەی کێبڕکێی ئەوانی تر».
ئەم وتارە لە هەمان کاتدا ڕەنگدانەوەی سەرنجی فراوانی ناوەندە ئەکادیمییەکانی ڕۆژئاوایە بۆ سەر دۆزی کورد. ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم زانکۆیەدا لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین پرۆژە، کۆنفرانس و توێژینەوەی دەربارەی کورد، دەوڵەتسازی لە هەرێم، ناسنامەی کوردی، پەنابەران و پەیوەندیی کورد لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا ئەنجام داوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە ئایا «مۆدێلی کوردستان عێراق» هێشتا توانای مانەوەی لە نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە یان نا؟
لە کۆتاییدا، پەیامی سەرەکیی وتارەکە ئەوەیە کە مانەوەی هەرێمی کوردستان چیتر تەنها بە هەڕەشە دەرەکییەکانەوە بەند نییە، بەڵکو مەترسییە سەرەکییەکە، داڕمانی هێدی هێدی یەکڕیزییە لە ناوخۆوە. وتارەکە هۆشداری دەدات کە ئەگەر کەلێنە ناوخۆییەکان بەردەوام بن، ڕەنگە هەرێم بەبێ شەڕ و بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی، بەرەو جۆرێک لە "دابەشبوونی کرداری" و "دوو فاقیی حوکمڕانی" (دووئیدارەیی کۆنکرێتی) هەنگاو بنێت؛ ڕووداوێک کە لە دیدی ئەم ناوەندە توێژینەوەیەوە، دەبێتە گەورەترین شکست بۆ پرۆژەی دەوڵەتسازیی کوردی لە ساڵی ١٩٩١ەوە تاوەکو ئێستا.
Your Comment