بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند: پڕۆسەی چەکدانانی گەریلا تەنها بە داواکاری دەوڵەتی تورک جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە یاسایەکی بنەڕەتی و هەمەلایەنە هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد کە گەریلا بۆ پاراستنی بون و مافەکانی گەلی کورد چەکی هەڵگرتوە، بۆیە تاوەکو هەنگاوی کردەیی و یاسایی بۆ چەسپاندنی ئەو مافانە نەنرێت، گەریلا دەست لە چەک هەڵناگرێت.
قەرەیلان جەختی لەوەکردەوە کە ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجەلان مەرجی سەرەکییە بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەرکەوتنی هەر پڕۆسەیەکی دیالۆگ. وتیشی، "ڕێبەر ئاپۆ دانوستانکاری سەرەکی و نوێنەری گەلی کوردە، ئەستەمە لە کاتێکدا ئەو لە زیندان بێت پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوەبچێت؛ پێویستە ستاتۆی ئەو وەک لایەنی سەرەکی دیاریبکرێت و ئازاد ببێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتی پڕۆسەکە بکات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قەرەیلان ئاماژەی بە پێویستی گۆڕینی "زیهنییەتی دەوڵەت" دا و ڕایگەیاند کە بۆ چارەسەری پرسی کورد دەبێت تورکیا لە سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن پاشەکشە بکات. ئەو دوپاتیکردەوە کە پێویستە دەوڵەت گەلی کورد وەک مەترسی و دوژمن نەبینێت، بەڵکو وەک بونێکی ڕەوا قبوڵی بکات و لە بری پەراوێزخستن، ڕێگەی دیالۆگ بگرێتەبەر.
سەبارەت بە لایەنی یاسایی، قەرەیلان داوای کرد کە بونی گەلی کورد بە فەرمی لە یاسا بنەڕەتییەکانی تورکیادا تۆمار بکرێت و چیتر لە دەرەوەی یاسا نەهێڵدرێنەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە دەبێت "یاسای ئەنیتگراسیۆنی دیموکراتیک" بۆ گەریلا دەربکرێت، نەک تەنها یاسایەک بۆ چەکدانان، چونکە تەنها لەو کاتەدا پڕۆسەی ئاشتی دەتوانێت هەنگاوی کردەیی بەرەو پێشەوە بنێت.
لە کۆتاییدا، قەرەیلان یادی "شەهیدانی مانگی حوزەیران"ی بەرز ڕاگرت و بەڵێنی دڵسۆزی بۆ ئامانجەکانیان دوپات کردەوە. ڕایگەیاند کە تێکۆشانەکەیان گەیشتوەتە قۆناغێکی ستراتیژی و پێویستە گەل و هێزەکانیان بە تەواوی توانایانەوە بەهاکانیان بپارێزن، چونکە ڕێگەی گەیشتن بە سەرکەوتن و ئاشتییەکی ڕاستەقینە لە ڕێگەی بەردەوامیی تێکۆشان و فیداکارییەوە تێدەپەڕێت.
لە کۆتاییەکانی ساڵی ۲۰۲۴ـەوە بە دەسپێشخەری دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەناو پەرلەمانی تورکیاوە، پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتی لەو وڵاتە دەستپێکرد و دوای زنجیرەیەک کۆبونەوە، عەبدوڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پەکەکە، لە ۲۷ـی (شوبات/۲)ـی ۲۰۲۵ داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە و دیموکراتی بۆ تورکیای کرد.
لە وەڵامدا پەکەکە مانگی (ئایار/۵)ـی ۲۰۲۵ـدا کۆنگرەی ۱۲ـی ئەنجامدا و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا، هەروەها لە ڕۆژی ۱۱ـی (تەمموز/۷)، وەک نیازپاکی لەلایەن گرووپێکی گەریلاوە کە ژمارەیان ۳۰ کەس بوو، چەکەکانیان داناو و دواتریش لە ڕێگەی ئاگرەوە سوتێنران. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژی ۲۶ی (تشرینی یەکەم/۱۰)ـی ساڵی ڕابردوو پەکەکە کشانەوەی تەواوەتی لە تورکیا ڕاگەیاند.
هەروەها ئەو کۆمسیۆنەی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد پیکهاتبوو بەناوی "کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی" له کۆتا کۆبوونەوەیەدا ڕاپۆرتی خۆی پەسەندکرد، ئەوەش ناڕەزایەتی کوردی لێکەوتەوە لەبەر ئەوەی ڕاپۆرتەکە پرسی کوردی خستوەتە چوارچێوەی 'تیرۆر'ەوە. لەکاتێکدا چاوەکان لە سەر هەنگاوی داهاتووی تورکیا بۆ دەرکردنی یاسایەک و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ڕێبەری پەکەکە.
Your Comment