بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شیکارییەکی نوێی گۆڤاری "نیو لاینز" نیشانی دەدات کە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی نوێی سووریا بە ڕێبەرایەتی ئەحمەد شەرع و تورکیا، ئەگەرچی دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد بووەتە هاوپەیمانییەکی فەرمی، بەڵام هێشتا پەیوەندییەکی پڕ لە گرژییە و لەسەر بنەمای پشتبەستنی سەرلەبەری یەکتر و ناکۆکی لەسەر داهاتووی ناوچە کوردییەکانی سووریا داڕێژراوە. ئەم ڕاپۆرتە جەخت دەکاتەوە کە دیمەشق لە کاتێکدا هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئەنقەرە دەدات، کە هێشتا بۆ جێگیرکردنی ئەمنییەت و کۆنترۆڵکردنی وڵات پێویستی بە پاڵپشتیی سەربازی و هەواڵگریی تورکیایە.
لەسەر بنەمای ئەم شیکارییە، کێشەی سەرەکی نێوان هەردوولا دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و نفووزی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. تورکیا، SDF بەهۆی پەیوەندیی ئۆرگانیکی بەشگەلێکی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی خۆی دەزانێت و لە ساڵانی ڕابردووەوە گروپە چەکدارەکانی سەر بە خۆی لە چوارچێوەی "سوپای نیشتمانی سووریا" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخستووە.
بە گوێرەی "نیو لاینز"، دوای ڕووخانی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤دا، تورکیا هەوڵی دا هێزەکانی سەر بە خۆی بەرەو ئەو ناوچانە ئاراستە بکات کە لەژێر کۆنترۆڵی کورداندایە، بەڵام فەرماندەی زۆربەی ئەو گروپانە پێیان باشتر بوو لە جیاتی شەڕ لەگەڵ SDF، لە ئۆپەراسیۆنی پێشڕەویدا بەرەو دیمەشق بەشدار بن. ئەم ناکۆکییە تەنانەت بووە هۆی جۆرێک لە یاخیبوون لە نێوان ئەو هێزانەی کە ئەنقەرە پاڵپشتییان دەکات.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەرچەندە هەیئەتی تەحریری شام (HTS) بێ پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی تورکیا سەرکەوتوو بوو لە ڕووخاندنی حکوومەتی ئەسەد، بەڵام حکوومەتی نوێی سووریا بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەڕێوەبردنی پێکهاتە ئەمنییەکان هێشتا پشتبەستووە بە ئەنقەرە. تورکیا ئێستا ڕۆڵێکی میحوەریی هەیە لە ڕاهێنانی هێزەکانی سوپا و پۆلیسی سووریا، پێشکەشکردنی زانیارییە ئەمنییەکان و پاڵپشتیی درۆنی (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان).
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، درۆنەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دیمەشقدا دژی یاخیبوونەکانی عەلەوییەکان لە کەناراوەکانی سووریا لە ئازاری ٢٠٢٥ و هەروەها لە هێرشە بەرفراوانەکەی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دژی SDF لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، زانیاریی مەیدانی و پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنییان پێشکەشی هێزەکانی سووریا کردووە.
"نیو لاینز" هەروەها ئەوە ئاشکرا دەکات کە تورکیا هێشتا زیاتر لە ١٠٠ بنکەی سەربازی لە باکووری سووریادا پاراستووە و چوونەدەرەوەی تەواوەتی هێزەکانی بەستووەتەوە بە "نەهێشتنی هەڕەشەی پەکەکە". دیمەشق ئەگەرچی لە ئێستادا کاری لەپێشینەی خۆی کردووە بە جێگیرکردنی ئەمنییەتی ناوخۆیی و لابردنی گەمارۆکان، بەڵام ئامادەیی بنکە دەرەکییەکان لەوانە تورکیا، ئەمریکا، ڕووسیا و ئیسرائیل وەک بابەتێکی چارەسەرنەکراو وەسف دەکات.
لە بەشێکی تری ئەم شیکارییەدا هاتووە کە دانوستانە درێژخایەنەکانی نێوان دیمەشق و SDF بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەناو سوپای سووریادا، تەنها دوای هێرشی بروسكئاسای هێزە حکومییەکان بۆ سەر ناوچە عەرەبنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا گەیشتە ئەنجام. لە پاش ڕووخانی دێرەزوور، ڕەقە و بەشگەلێک لە حەسەکە، SDF ناچار بوو ڕێککەوتنێکی زۆر لاوازتر لە پێشنیارە سەرەتاییەکانی دیمەشق قبوڵ بکات.
بە گوتەی سەرچاوە ئەمریکی و سوورییەکانی جێی متمانەی "نیو لاینز"، تورکیا داوای بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی SDF دەکرد تەنانەت دوای ڕووخانی ئەسەدیش، بەڵام حکوومەتی نوێی سووریا دژی بەرفراوانکردنی شەڕەکە وەستایەوە و هێزەکانی سەر بە HTSی لە هێڵەکانی بەریەککەوتندا جێگیر کرد تا ڕێگری لە پێشڕەوی زیاتری ئەو هێزانە بکات کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات.
ئەم ڕاپۆرتە هەروەها جەخت دەکاتەوە کە حکوومەتی ئەحمەد شەرع بە پێچەوانەی تێڕوانینە باوەکان، تەنها پاشکۆی سیاسەتەکانی ئەنقەرە نییە و هەوڵ دەدات بە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات و ئەکتەرە عەرەبییەکانی تر، لە پشتبەستنی تەواوەتی بە تورکیا دوور بکەوێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لاوازیی پێکهاتە ئەمنییەکان و هەڕەشەی یاخیبوونە جۆراوجۆرەکان لە سووریادا بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەنقەرە وەک گرنگترین هاوبەشی ئەمنیی دیمەشق بمێنێتەوە.
شیکارییەکەی "نیو لاینز" لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە پەیوەندیی نێوان تورکیا و دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا پەیوەندییەک نییە لەسەر بنەمای فەرمانبەری، بەڵکوو هاوبەشییەکی زۆرەملێ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشە؛ هاوبەشییەک کە داهاتووی تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە چارەنووسی کوردانی سووریا، پێگەی SDF و ئاستی دزەکردنی تورکیا لە پێکهاتەی ئەمنیی سووریادا.
Your Comment