پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکە پێویستی بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی هەیە

نوێنەری هەمیشەیی کۆلۆمبیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەکردن بە ئەزموونی ڕێککەوتنی ئاشتیی حکوومەتی بۆگۆتا لەگەڵ گرووپی "فارک"، جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی بەردەوامی ململانێی نێوان تورکیا و پەکەکە، بەبێ دەستەبەرکردنی گەرەنتیی سیاسی، چاودێریی نێودەوڵەتی و هاوڕێیەتیی کۆمەڵگەی جیهانی کارێکی دژوار دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم لێدوانانەی نوێنەری هەمیشەیی کۆلۆمبیا لە کاتێکدا دەخرێنە ڕوو کە پرۆسە نوێیەکەی ئاشتیی نێوان حکوومەتی تورکیا و کوردەکان تووشی جۆرێک لە وەستان بووە؛ ناوبراو ڕوونی کردەوە کە کۆتایهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان پێویستی بە پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پابەندبوونی سیاسی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە جیهانییەکان هەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی "ئێرنا"، «لیۆنۆر زالاباتا تۆرێس» نوێنەری هەمیشەیی کۆلۆمبیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی خولیی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ مانگی حوزەیران، ڕۆژی دووشەممە لە یەکەمین کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی خۆیدا ڕایگەیاند کە ئەزموونی چەند دەیەی ململانێی ناوخۆیی لە کۆلۆمبیادا، وانەی گرنگی بۆ وڵاتانی دیکە پێیە.

ناوبراو گوتی: «کۆلۆمبیا بە قۆناغێکی یەکجار درێژخایەنی پرۆسەی ئاشتیدا تێپەڕیوە. ئەم ململانێ ناوخۆییە شوێنەواری قووڵی لەسەر کۆمەڵگەکەمان بەجێهێشتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەزموونێکی بەنرخی دروست کردووە کە دەکرێت لەگەڵ جیهاندا بەشی بکەین.»

ئەم لێدوانانەی دیپلۆماتکارە کۆلۆمبیاییەکە لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی نوێی گفتوگۆکانی ئاشتیی نێوان حکوومەتی تورکیا و کوردەکان، لەسەر پرسی چەکداماڵین و گەرەنتییە یاساییەکان هێشتا لە بنبەستدایە.

ئەم پرۆسەیە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا دەستی پێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی «دەولەت باخچەلی» ڕێبەری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (MHP) و هاوپەیمانی سەرەکیی «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» هەڵویستی خۆی گۆڕی و نەرمی نواند. دوای ئەوە، «عەبدوڵڵا ئۆجەلان» دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) داوای هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی ئەم گرووپەی کرد.

دواتر پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند و لە ئایاری ٢٠٢٥دا بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی ئاشکرا کرد، هەروەها بەشێکی زۆری پرۆسەی چەکداماڵینەکەی تا کۆتایی هەمان ساڵ جێبەجێ کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، دانوستانەکان لە قۆناغەکانی دواتردا لەسەر پرسی پێشخستنی چەکداماڵینی تەواوەتی یان پێشکەشکردنی گەرەنتیی یاسایی و سیاسی بە ئەندامانی پێشووی ئەم ڕێکخراوەیە و ڕەوتە سیاسییە کوردییەکان، سستیی تێکەوت.

نوێنەری کۆلۆمبیا بەبێ بەراوردکردنی ڕاستەوخۆی دۆخی وڵاتەکەی لەگەڵ پرسی کورد لە تورکیادا، جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکانی ئاشتی لە جیهاندا دەبێت ئەزموون لە یەکتر وەربگرن. ئەو گوتی: «ئەگەر ئەم ئەزموونانە بخرێنە پاڵ یەک، پێدەچێت بتوانرێت وەڵامی خێراتر و کاریگەرتر بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناكۆكییەکان بدۆزرێتەوە. جیهان دەبێت ئەوەی لەبیر بێت کە چارەسەر هەیە و ئاشتی دەستەبەر دەبێت.»

ڕێککەوتنی ئاشتیی ساڵی ٢٠١٦ لە نێوان حکوومەتی کۆلۆمبیا و هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی کۆلۆمبیا (فارک) بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر پرۆسەی چەکداماڵین، میکانیزمەکانی دادپەروەریی گواستنەوە و هاوڕێیەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێبەجێ کرا؛ ئێستاش وەک یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی لێکۆڵینەوە لە پرۆسەکانی ئاشتیی جیهاندا سەیر دەکرێت.

زالباتا تۆرێس ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم پرۆسەیەدا بە "یەکجار گرنگ" وەسف کرد و گوتی: «هاوڕێیەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ بڕیار و پرۆسەکانی ئاشتی لە کۆلۆمبیا بایەخێکی زۆری هەبووە و هێشتاش پێویستە کۆمەڵگەی جیهانی ڕۆڵی خۆی لە چارەسەرکردنی قەیران و ململانێ جیهانییەکاندا بگێڕێت.»

شایەنی باسە، ناوبراو یەکەمین کەسی ڕەسەنی هۆزی "ئارۆهواکۆ"یە لە کۆلۆمبیا کە دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکایەتیی خولیی ئەم ئەنجومەنە دەگرێتە ئەستۆ.

شرۆڤەکاران پێیان وایە، هەرچەندە ئەزموونی کۆلۆمبیا مۆدێلێکی ڕاستەوخۆ نییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیادا، بەڵام هەندێک بابەت وەک، پێدانی گەرەنتیی باوەڕپێکراو، چاودێریی نێودەوڵەتی، دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە، بەشداریی سیاسی و پشتگیریکردنی ئەو هێزانەی کە لە خەباتی چەکداری هاتوونەتە دەرەوە، دەتوانن لە هەر پرۆسەیەکی ئاشتیی بەردەوامدا یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز بن.

News ID 227265

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha