تورکیا لە کەرکووک؛ چاوێک لەسەر سیاسەت و چاوەکەی تر لەسەر نەوت

کۆمپانیای حکوومیی نەوتی تورکیا بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی بەرفراوان لەگەڵ کۆمپانیای بەریتانیی BP، پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کەرکووکی خستە سەرووی کارنامەی بەرنامە هاوبەشەکانیانەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمپانیای حکوومیی نەوتی تورکیا ڕێککەوتننامەیەکی بەرفراوانی بۆ هاوکاری لە بواری نەوت و گازدا لەگەڵ کۆمپانیای بەریتانیی BP واژۆ کردووە. ئەم ڕێککەوتنە پەرەپێدانی کێڵگەکان، گەڕان و دۆزینەوە، زیادکردنی توانای هەناردەکردن و گواستنەوەی گاز دەگرێتەوە، و کەرکووک دەکاتە لەپێشینەترین کارنامەی ئەم دوو کۆمپانیایە لە تەوەرەی بەرنامەکانی داهاتوویاندا.

ئەم پێشهاتە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ مەیلی زیاتر بەرەو کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان و نیشاندەری هەوڵێکە بۆ هێنانەناوەوەی تورکیا بۆ ناو هەستیارترین ناوچەی نەوتیی عێراق لە ڕووی سیاسییەوە. ئەم هەنگاوە هەروەها دۆسیەی پابەندبوونە گەورەکانی کۆمپانیای BP لە کەرکووکدا دووبارە دەکاتەوە؛ بابەتێک کە هێشتا بۆ تێگەیشتن لە لێکەوتە جیۆپۆلەتیکییە قووڵەکانی ئەم ڕێبازە نوێیە، گرنگییەکی بنەڕەتیی هەیە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی عێراق هاوکارییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا ڕۆژاوایییەکان دەستپێکردووە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی خۆی بە چین، ڕووسیا و ئێران، ئەم گۆڕانکارییەی ئاراستەی تورکیاش ڕەوتێکی بەرفراوانتر و بەهێزتر لەسەر ئاستی ناوچەکە بەهێز دەکات. ئەم ڕووداوە لە بارودۆخێکدا ڕوودەدات کە وڵاتانی سەرەکیی ناوچەکە بە هێواشی پێگەی خۆیان لەسەر هێڵی نەریتیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا ڕێکدەخەنەوە و زیاتر لە جاران لە واشنتۆن و لەندەن نزیک دەبنەوە؛ ڕەوتێک کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی داڕشتنی نەخشەیەکی ستراتیژیی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئامانجی ئەم ڕێککەوتنە، زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتە بۆ ۵۰۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا ساڵی ۲۰۲۸ لە قوبەکانی نەوتیی (بابا و ئاوانە) لە کێڵگەی نەوتیی کەرکووک، و هەروەها سێ ناوچەی هاوسێی، واتە (بای حەسەن، جەمبوور و خەباز). جگە لەمەش، ڕۆژانە ۴۰۰ ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی گازی هاوپێچیش بەرهەم دەهێنرێت.

News ID 227251

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha