بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڵاوبوونەوەی «مەرسومی ژمارە ١٣» و گەرمبوونی دەنگوباسەکان لەسەر قبووڵکردنی فرەزمانی و فرەکولتووری لە سووریا، زمانی کوردیی جارێکی تر کردووەتەوە بە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی باسی کولتووری و سیاسیی ئەم وڵاتە. زۆرێک لە کوردان هیوادارن ئەم وەرچەرخانە، ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ دانپێدانی فەرمی بە ناسنامە و زمانی کوردی لە دامەزراوە پەروەردەیی و حکومییەکانی سووریادا؛ زمانێک کە بۆ چەندین دەیە ڕووبەڕووی پەراوێزخستن و بێبەشکردن ببووەوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی سووریادا، زمانی کوردی هیچ پێگەیەکی فەرمی لە پێکهاتەی دەوڵەتدا نەبوو و بەکارهێنانی زیاتر تەنیا لە چوارچێوەی قسەکردنی زارەکی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک چالاکیی سنوورداری کولتووریدا مابووەوە. نەبوونی زانکۆ و ئەکادیمیای پسپۆڕ و نەبوونی دانپێدانی ڕوونی یاسایی، ڕێگربوون لە بەردەم گەشەی زانستی و دامەزراوەیی ئەم زمانە.
گۆڕانکارییە سیاسییەکانی دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پێشووی سووریا، جارێکی تر پرسیارە کۆنەکانی لەسەر ناسنامەی نیشتمانی، فرەکولتووری و پێگەی زمانی کوردی لە پێکهاتەی دەوڵەتی نوێدا هێناوەتەوە پێشێ.
«عەبدولحەکیم ئەحمەد محەمەد»، نووسەر و زمانناس و سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کوردستان-سووریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی «عەنەب بەلەدی» زمانی کوردیی وەک «یەکێک لە زمانە کۆن و ڕەسەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» پێناسە کرد و وتی کە ئەم زمانە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی سیاسەتی سڕینەوە و تواندنەوە بووەتەوە؛ پرۆسەیەک کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر گەشەی زانستی و پێکهاتەیی زمانەکە داناوە.
ئەو زیادی کرد کە زمانی کوردی ساڵانێکی زۆر تەنیا وەک زمانێکی زارەکی لە ناو کورداندا بەکار هاتووە، لە کاتێکدا ژمارەی ئاخێوەرانی لە جیهاندا لە ٤٠ ملیۆن کەس زیاترە. بە وتەی ئەو، کوردی یەکێکە لەو زمانانەی کە زۆرترین گوشاری سڕینەوە و تواندنەوەی لەسەر بووە، بەڵام پەیوەندیی قووڵی کۆمەڵگەی کوردی بە زمانە دایکەکەیەوە بووەتە هۆی پاراستنی.
بە وتەی ئەم زمانناسە، ڕەگ و ڕیشەی زمانی کوردی بۆ زمانی پەهلەوی کۆن دەگەڕێتەوە و لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت لەگەڵ گەشەکردنی نووسین، بڵاوکردنەوە و بەرهەمهێنانی دەقە ئەدەبی و کولتوورییەکان بە زمانی کوردی، پرۆسەی گەشەکردنی خێراتر بووە. ئەو جەختی کردەوە کە لە ٢٦ ساڵی ڕابردوودا، دەرفەتێکی زیاتر بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی ڕەخساوە؛ زمانێک کە وەک خۆی دەڵێت «تەنانەت بەکارهێنانی لە سەر شەقامەکانیشدا قەدەغە بوو.»
ئاستەنگە زمانەوانی و ئەکادیمییەکان
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، شارەزایان پێیان وایە زمانی کوردی هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە. عەبدولحەکیم ئەحمەد محەمەد، نەبوونی سەرچاوەیەکی یەکگرتوو و دامەزراوەی پسپۆڕی بۆ گەشەی زانستیی زمانی کوردی، بە یەکێک لە گرنگترین ڕێگرەکان دەزانێت.
ئەو وتی نەبوونی دامەزراوەیەکی فەرمی کە بە شێوەیەکی فەرمی زمانی کوردی قبووڵ بکات، بووەتە هۆی لاوازیی گەشەی ساختاریی ئەم زمانە. هەروەها دابەشبوونی کورد بەسەر چەند وڵاتێکدا، بووەتە هۆی دروستبوونی شێوەزار، ڕێنووس و سیستمی پەروەردەیی جیاواز.
بە وتەی ئەو، هێشتا ڕێساکانی ڕێزمان (گرامەر)ی کوردی بە شێوەیەکی یەکگرتوو کە هەموو زمانناسان لەسەری کۆک بن دانەنراوە و هەر توێژەرێک لەسەر بنەمای زانیاری و ئەزموونی خۆی دەستی کردووە بە دانانی ڕێزمان و وشەکاری؛ ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی جیاوازی لە کتێبە خوێندنەکان، ڕێزمان و زاراوە زانستییەکاندا.
ئەو هۆشداریشی دا کە بەشێکی گەورە لە کوردان توانای نووسینیان بە زمانی دایکی خۆیان نییە، چونکە لەو وڵاتانەدا گەورە بوون کە زمانی فەرمییان عەرەبی، تورکی یان زمانەکانی تر بووە؛ ئەمەش لە ڕوانگەی ئەوەوە یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی.
«محەمەد حەسەن»، مامۆستای زمانی کوردی، ئەویش نەبوونی «سەرچاوەیەکی ئەکادیمیی یەکگرتوو» بە گرنگترین کێشەی ئێستای ئەم زمانە دەزانێت. ئەو وتی جیاوازیی شێوەزارەکان لە بنەڕەتدا کێشە نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی نەبوونی دامەزراوەیەکە کە بتوانێت ئەم فرەچەشنییە لە چوارچێوەی زمانێکی هاوبەشدا ڕێک بخات.
بە وتەی ئەو، جیاوازی لە شێوازی نووسینی کوردیدا ــ لە ئەلفوبێی عەرەبییەوە تا لاتینی ــ بووەتە هۆی جیاوازی لە پرۆگرامەکانی خوێندن، ئامرازەکانی توێژینەوە و پرۆسەی بەدۆکیۆمێنتکردندا.
پێویستیی دامەزراندنی ئەکادیمیای زمانی کوردی
عەبدولحەکیم ئەحمەد محەمەد پێی وایە گەشەی زانستیی زمانی کوردی پێویستی بە دروستکردنی «ئەکادیمیایەکی یەکگرتوو» هەیە بە بەشداریی زمانناسان و پسپۆڕانی ناوچە و شێوەزارە جیاوازەکانی کوردی.
ئەو جەختی کردەوە کە سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەکی زمانەوانی، بەستراوەتەوە بە بوونی دامەزراوەیەکی فەرمی یان حکومی کە بتوانێت لە ڕووی زانستی، دارایی و جێبەجێکردنەوە پشتگیری لە پسپۆڕان بکات؛ دامەزراوەیەک کە بەرپرسیار بێت لە دانانی ڕێسای هاوبەش، یەکخستنی زاراوە زانستی و ئەدەبییەکان و داڕشتنی پرۆگرامی خوێندنی گشتگیر.
لە هەمان کاتدا، ئەو فرەچەشنیی شێوەزارەکانی وەک نیشانەی لاوازی نەبینی، بەڵکو بە بەشێک لە دەوڵەمەندیی زمانی کوردی دانا، بەڵام هۆشداریی دا کە فرەیی شێوازی نووسین و جیاوازیی پرۆگرامەکانی خوێندن، پرۆسەی ستانداردکردنی زمانی قورس کردووە.
«جوان یوسف»، ڕۆشنبیری کوردی سووریا، ئەویش وتی کە زمانی کوردی هێشتا پێویستی بە «پڕۆژەیەکی ڕاستەقینەی ئەکادیمی» هەیە؛ پڕۆژەیەک کە بەرهەمی ئەدەبی بە توێژینەوەی زانستی و خوێندنی زانکۆییەوە ببەستێتەوە. بە وتەی ئەو، زۆربەی هەوڵەکانی ئێستا بە پەرشوبڵاوی و بە شێوەی تاکەکەسی ماونەتەوە.
کاریگەریی نەبوونی دامەزراوە پسپۆڕەکان
ئەو شارەزایانەی کە لەگەڵ گۆڤاری «عەنەب بەلەدی» قسەیان کردووە، پێیان وایە نەبوونی دامەزراوەی زانکۆیی و پسپۆڕ لە دەیان ساڵی ڕابردوودا؛ چ لە بواری توێژینەوەی زانستیدا و چ لە گۆشەی پێگەیاندنی کادری پسپۆڕ، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەی گەشەکردنی زمانی کوردی داناوە.
عەبدولحەکیم ئەحمەد محەمەد وتی زمانی کوردی سەرەڕای مێژووە کۆنەکەی، لە ڕووی ئەکادیمییەوە هێشتا «تا ڕادەیەک ساوا و نوێیە». ئەو نەبوونی زانکۆ و سەنتەرە پسپۆڕەکانی بە هۆکاری سەرەکیی لاوازی لە گەشەی ڕێزمان، دەقە خوێندنییەکان و توێژینەوە زانستییەکانی کوردی دانا.
ئەو زیادی کرد کە ئەدەبیاتی کوردی هەمیشە بەردەوام بووە لە گەشەکردنی خۆی، بەڵام بواری توێژینەوە زانستی و زمانەوانییەکان هێشتا بە لاوازی ماوەتەوە.
بە وتەی ئەو، دانانی هاوتا کوردییەکان بۆ زاراوە زانستی و ئەدەبییەکان، نووسینی سەرچاوەکانی خوێندن بە زمانی کوردی و پشتبەستن بە ڕێگای زانستی و ورد، لە پێداویستییەکانی گۆڕینی زمانی کوردیین بۆ زمانی زانست و توێژینەوە. محەمەد حەسەنیش وتی کە لە ساڵانی ڕابردوودا فەرهەنگ و بەرهەمی ئەدەبی و زمانەوانیی زۆر بە کوردی بڵاوکراونەتەوە، بەڵام ئەم هەوڵانە بەهۆی نەبوونی دامەزراوەی ڕێکخەر و سەرچاوەی سەرەکی، هێشتا بەس نین.
زمانی کوردی و خوێندنی فەرمی
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە چوونە ناوەوەی زمانی کوردی بۆ ناو دامەزراوە فەرمییەکانی خوێندن و توێژینەوە، یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ پاراستن و گەشەپێدانی.
عەبدولحەکیم ئەحمەد محەمەد وتی وتنی وانەی زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکاندا ئەم دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە منداڵان «بێ ترس» خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی خۆیان فێرببن. بە وتەی ئەو، بوونی زمانی کوردی لە پرۆگرامەکانی خوێندنی فەرمیدا، زەمینەی گەشەی زانستی و ئەکادیمییەکەی دابین دەکات و لە ئاستی هەوڵی تاکەکەسی بەرزتری دەکاتەوە.
ئەو هەروەها جەختی کردەوە کە دانپێدانی فەرمی، بەردەوامی و زیندوێتیی زمانی کوردی مسۆگەر دەکات و ڕێگا دەگرێت لەوەی کە تەنیا لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا قەتیس بمێنێتەوە.
جوان یوسفیش پێی وایە هەر پڕۆژەیەک بۆ پاراستنی زمانی کوردی، پێویستی بە گەرەنتی ڕوونی یاسایی هەیە بۆ ئەوەی خوێندن و گەشەپێدانی ئەم زمانە لە قوتابخانە، زانکۆ و دامەزراوە فەرمییەکاندا بە بەردەوامی بمێنێتەوە.
مەرسومی ١٣؛ لە نێوان هیوا و خۆپارێزیدا
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گفتوگۆکان لەسەر داهاتووی فرەکولتووری لە سووریا، «مەرسومی ژمارە ١٣» بۆ زۆرێک لە کوردان بووەتە خاڵێکی هیواشێوێن، هەرچەندە نرخاندنەکان بۆ ئاستی کاریگەریی ڕاستەقینەی ئەو جیاوازن.
عەبدولحەکیم ئەحمەد محەمەد ئەم مەرسومەی بە «سەرەتایەکی ئەرێنی» دانا بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکرات کە هەموو زمان، نەتەوە و ئایینەکان قبووڵ بکات. ئەو وتی ئەم بڕیارە دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ جێگیرکردنی زمانی کوردی لە دەستووری داهاتووی سووریادا.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هۆشداریی دا کە ئەگەر ئەم مەرسومە تەنیا لەسەر کاغەز بمێنێتەوە بەس نابێت؛ چونکە بڕیارە جێبەجێکارییەکان ئەگەری هەیە بگۆڕدرێن یان هەڵبوەشێنەوە، بەڵام ئەو مافانەی لە دەستووردا جێگیر دەبن، بەردەوامیی زۆرتریان دەبێت.
ئەو زیادی کرد کە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە یاسای ڕوون هەیە بۆ پاراستنی یەکسانی هەموو زمانەکانی سووریا؛ یاسایەک کە دەبێت لە سیاسەتە پەروەردەیی، کولتووری و زمانەوانییەکانی دەوڵەتی نوێشدا ڕەنگ بداتەوە.
محەمەد حەسەنیش داهاتووی زمانی کوردیی لە سووریا بەستەوە بە ئاستی پابەندیی دەوڵەتی نوێ بە چەمکی فرەکولتووری و زمانەوانی لە چوارچێوەی هاوڵاتیبووندا، کە دەبێت جێگەی سیاسەتەکانی پێشووی سڕینەوە و ئینکارکردن بگرێتەوە.
جوان یوسفیش جەختی کردەوە کە پرسی زمانی کوردی نابێت تەنیا وەک بابەتێکی سیاسی سەیر بکرێت، بەڵکوو بەشێکە لە پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی ناسنامەی سووریا لەسەر بنەمای فرەکولتووری و زمانەوانی.
لە بارودۆخێکدا کە سووریا چووەتە ناو قۆناغێکی نوێ لە گۆڕانکارییە سیاسییەکان، زۆرێک لە کوردان هیوادارن زمانی کوردی دوای چەندین دەیە پەراوێزخستن، پێگەیەکی فراوانتر لە دامەزراوە فەرمی، پەروەردەیی و کولتوورییەکانی وڵاتەکەدا بەدەست بهێنێت؛ هەرچەندە داهاتووی ئەم پرۆسەیە هێشتا بەستراوەتەوە بە پێکهاتەی دەوڵەتی نوێی سووریا و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ پرسی فرەکولتووری و مافە زمانەوانییەکاندا.
Your Comment