بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەسەن جەمال، ڕۆژنامەنووسی دێرین و ناسراوی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ گۆڤاری "ئامارجی"دا، وێڕای دەربڕینی گومانی خۆی بەرامبەر بە سەرکەوتنی پرۆسەی نوێی ئاشتیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و کورد، جەختی لەوە کردەوە کە بەدیهاتنی ئاشتییەکی بەردەوام بەبێ دیموکراسی، دادپەروەری و سەروەریی یاسا مەحاڵە.
حەسەن جەمال کە چەندین دەیەیە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کورد لە تورکیادا دەکات و لە نزیکەوەش ئاگاداری دانوستانەکانی ئاشتیی ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ بووە، لە پەراوێزی کۆڕبەندی "ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی" لە دیاربەکر ڕایگەیاند کە کەشێکی قووڵ لە بێمتمانەیی لەناو کورداندا بەرامبەر بە پرۆسەی ئێستا هەیە.
ناوبراو ئاماژەی دا بە گفتوگۆکانی لەگەڵ هاووڵاتیانی دیاربەکر وتی: "دوو ڕۆژ لە دیاربەکر، بەتایبەتی لە ناوچەی سوور و ناو دڵە مێژووییەکەی شارەکەدا لەگەڵ خەڵک قسەم کرد. نزیکەی هەمووان دەیانوت متمانەیان بەم پرۆسەیە نییە؛ نە بە پرۆسەی ئاشتی و نە بەو پڕۆژەیەی کە لەژێر ناوی 'تورکیایەکی خاڵی لە تیرۆر' دەخرێتە ڕوو".
بە گوتەی حەسەن جەمال، ئەم بێمتمانەییە دەرەنجامی چەندین دەیە توندوتیژی و ئازارە لە ناوچە کوردنشینەکاندا و بە ئاسانی لەناو ناچێت. ئەو ڕوونی کردەوە: "ئەم خاکە ئازار و مەینەتیی زۆری چەشتووە، متمانەی لەدەستچووش بە دەوڵەت بە ئاسانی سەرلەنوێ بنیاد نانرێتەوە".
ئەم ڕۆژنامەنووسە بە ئەزموونە گومانی خۆی لە ڕۆڵی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و دەولەت باخچەلی لەم پرۆسە نوێیەدا نەشاردەوە و وتی: کارنامەی ئەم دوو ڕێبەرە لە بواری دیموکراسی و ئازادییەکاندا "نەک هەر باش نییە، بەڵکوو خراپیشە". لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە کە نابێت دەرگای ئومێد بە تەواوی دابخرێت، چونکە بابەتی سەرەکی "ئاشتی"یە و هەر ئەمەش وای کردووە پرۆسەی ئێستا گرنگ و مێژوویی بێت.
جەمال لە بەشێکی تری ئەم گفتوگۆیەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئاشتی تەنیا بە واتای ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانی چەکداری نییە، بەڵکوو دەبێت لەسەر بنەمایەکی جێگیر و دادپەروەرانە دابمەزرێت: "ئاشتی دەبێت هەمیشەیی، دادپەروەرانە و خاوەن ناوەڕۆک بێت. بەبێ دیموکراسی، بەبێ سەروەریی یاسا، بەبێ دادپەروەری و ئازادییەکان ناتوانرێت بگەینە چاکە".
له ههمان کاتدا، ئهو گۆڕانکاریی لە تێڕوانینی دهوڵهتی تورکیا بهرامبهر به عهبدوڵڵا ئۆجەلان وهکوو وهرچەرخانێکی گرنگ وەسف کرد. بە گوتەی جەمال، ئەوەی کە ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئێستا لەلایەن دەوڵەتەوە وەک لایەنی گفتوگۆ قبووڵ کراوە، ڕووداوێکە کە ناکرێت گرنگییەکەی پشتگوێ بخرێت.
حەسەن جەمال لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بەدیهاتنی ئاشتی لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکی دەسەڵاتخواز و ئۆتۆریتاردا، وەڵامەکەی نەرێنی بوو و جەختی کردەوە کە سیستەمێکی بێ دیموکراسی و بێ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، ناتوانێت ئاشتییەکی بەردەوام بخوڵقێنێت: "ڕژێمی ئۆتۆریتار بەدەست کەمیی دیموکراسی و یاساوە دەناڵێنێت، پێکهاتەیەکی لەو شێوەیەش ناتوانێت ئاشتیی پاوەجێ بچەسپێنێت".
ئەم ڕۆژنامەنووسە تورکە لە درێژەدا باسی لە گۆڕانکارییە سیاسییە ناوخۆییەکانی تورکیا کرد و دەستبەسەرکردنەکانی ئاداری ٢٠٢٥ی وەک سەرەتای شەپۆلێکی نوێی بەرگریی دیموکراتی لە وڵاتدا ناوبرد. وتیشی، دوای ئەو ڕووداوە پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) لە سستی و سڕبوونی خۆی هاتە دەرەوە و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان شێوەی گرت.
جەمال بە بەراوردکردنی دۆخی ئێستای تورکیا لەگەڵ ئەزموونی هەنگاریا، ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتە ناوەندی و تاکەکەسییەکان لە کۆتاییدا لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت لێبخرێن. ئەو پێشبینی کرد کە "بەهاتنەکایەی هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە، سیستەمی تاکەکەسی لە تورکیاشدا دەکرێت کۆتایی پێبێت".
ناوبراو تیشکی خستە سەر دوو پێشهاتی گرنگ لە دۆسیەی کورددا:
یەکەم: گۆڕانی هەڵوێستی دەولەت باخچەلی، کە سەردەمێک داوای لەسێدارەدانی ئۆجەلانی دەکرد، بەڵام ئێستا وەک لایەنی دانوستان دانی پێدا دەنێت.
دووەم: پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری؛ ڕووداوێک کە بە گوتەی ئەو، لە مێژووی ئەم بزووتنەوەیەدا بێپێشینەیە.
حەسەن جەمال جەختی لەوە کردەوە کە تێپەڕین لە ڕابردوو و "نەبوونە دیلی ئازارەکان" بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی هاوبەش زۆر پێویستە. ئەو بە ئاماژەدان بە ئەزموونی ئەورووپا دوای جەنگی جیهانی دووەم وتی، وڵاتانی ئەورووپی توانییان بە پشتبەستن بە ئاشتی و دیموکراسی، دوژمنایەتییە مێژووییەکان تێپەڕێنن.
لە کۆتاییدا، ئەو بەدیهاتنی ئاشتەوایی ڕاستەقینەی نێوان تورکیا و کوردی بە "یارییە گەورەکە و ستراتیژی کۆتایی" ئەم وڵاتە وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئەگەر کورد لە چوارچێوەی دیموکراسی، مافی یەکسان و سەروەریی یاسادا ببێتە بەشێکی یەکسان لە پێکهاتەی سیاسیی تورکیا، نەک تەنیا تورکیا بەڵکوو تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.
جەمال وتیشی: "تورکیا بەبێ کورد هیچ مانایەکی نییە. ئەگەر تورکیا لەگەڵ کوردی خۆیدا بگا بە ئاشتییەکی ڕاستەقینە، ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی قووڵی لەسەر عێراق، سووریا و سەرانسەری ناوچەکە دەبێت".
Your Comment