کۆشش بۆ پاراستنی ناسنامە، زمان و کولتووری کوردی لە سووریا، گێڕانەوەی پتر لە سەدەیەک خۆڕاگرییە لە دژی سیاسەتگەلێک کە زۆربەی توێژەران بە «جینۆسایدی کولتووری» ناوی دەبەن؛ سیاسەتگەلێک کە نەک لەسەر بنەمای سڕینەوەی جەستەیی، بەڵکوو لەسەر نکۆڵیکردن لە ناسنامە، لەناوبردنی زمان، قەدەغەکردنی دەربرینی کولتووری و سڕینەوەی قۆناغ بە قۆناغی یادەوەریی بەکۆمەڵی کورد بنیات نرابوون.
ئەم لێکۆڵینەوەیە، پرۆسەی دروستبوون و بەردەوامیی خۆڕاگریی کولتووریی کوردانی سووریا لە ڕێککەوتننامەی لۆزان لە ساڵی ۱۹۲۳وە تاوەکوو سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی سووریا دەخاتە بەر باس؛ سەردەمێک کە تێیدا کورد بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەکەی، پەنای بردە بەر ڕۆژنامەگەری، پەروەردە، چالاکیی کولتووری، یانە ئەدەبییەکان و خەباتی مەدەنی. نووسەری ئەم توێژینەوەیە سێ قۆناغی سەرەکی لە مێژووی چالاکیی کولتووریی کورد لە سووریا دەستنیشان دەکات: قۆناغی ڕاسپاردەیی (ئینتداب)ی فەڕەنسا، قۆناغی دوای سەربەخۆیی سووریا، و سەردەمی نەتەوەپەرستیی عەرەبی (ناسیۆنالیزمی عەرەب).
۱. سەرەتای نکۆڵیکردن لە ناسنامە و سەرکوتکردنی زمانی کوردی
دوای ڕێککەوتننامەی لۆزان و دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا، سیاسەتی ڕێکخراو بۆ نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی دەستی پێکرد. مستەفا کەمال ئاتاتورک لە ۳ی ئاداری ۱۹۲۴دا فەرمانێکی دەرکرد کە بەپێی ئەو فەرمانە، سەرجەم قوتابخانە، کۆمەڵە و بڵاوکراوە کوردییەکان قەدەغە کران. بەکارهێنانی زمانی کوردی بە تاوان ئەژمار دەکرا و تەنانەت هێنانەبەر زاری وشەکانی "کورد" و "کوردستان" دەبووە هۆی سزای یاسایی.
ئەم قەدەغەکارییانە تەنها لە سنووری زماندا نەمایەوە؛ دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی ڕاگواستن و پەشۆکاندنی دانیشتووانی کوردی گرتەبەر و لە ساڵی ۱۹۳۲ بەدواوە، کوردەکانی بە ناوی «تورکەکانی کوێستان» ناساند؛ سیاسەتێک کە دوای شکستی ڕاپەڕینی ئاگری (آرارات) توندوتیژیی زیاتری بەخۆوە بینی.
لە ئێرانیشدا، ڕەزاشا سیاسەتێکی هاوشێوەی جێبەجێ کرد؛ لەوانە ڕاگواستنی کوردان بۆ پارێزگاکانی باشوور، قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی و سەرکوتکردنی بڵاوکراوە و هێما کولتوورییەکانی کورد. تەنانەت ڕاگرتنی تاکە کتێبێکی کوردی دەکرا ببێتە هۆی چەند ساڵ زیندانیکردن.
لەم نێوەندەدا، دۆخی سووریا و عێراقی ژێر ڕاسپاردەی فەڕەنسا و بەریتانیا جیاواز بوو. کەشوهەوای کراوەتری ئەم دوو وڵاتە، دەرفەتی گەشەکردنی ڕێژەیی بۆ زمان و کولتووری کوردی ڕەخساند. لە هەمان سەردەمدا، لە ئەرمەنستانی سۆڤیەتیش جۆرێک لە پشتگیریی دەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی ناسنامەی کوردی هاتە ئاراوە.
«شۆڕش دەروێش»، توێژەر و نووسەری ئەم شیکارییە، لە هەمان کاتدا ئاماژە بە دیاردەیەک دەکات کە ناوی دەنێت «خۆنکۆڵیکردن»؛ واتە هاوڕایی و هاودەستیی هەندێک لە ڕۆشنبیرانی کورد لەگەڵ پڕۆژەکانی نەتەوەسازیی تورکی و عەرەبیدا. کەسایەتییەکانی وەک زیا گۆکاڵپ یان محەمەد کوردعەلی پێیان وابوو هاوچەرخبوون (مۆدێرنیتە) پێویستی بە قبووڵکردنی ناسنامە نەتەوەییە نوێیەکەیە. بەڵام لە بەرامبەر ئەم ڕەوتەدا، ڕەوتێکی دیکە لە ڕۆشنبیران و چالاکوانانی کورد پێداگرییان لەسەر پاراستنی ناسنامەی سەربەخۆی کوردی دەکردەوە.
۲. سووریای ژێر ڕاسپاردەی فەڕەنسا؛ بێشکەی سەرهەڵدانی ڕێنیسانسی کولتووریی کورد
لە دەیەکانی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، سووریای ژێر ڕاسپاردەی فەڕەنسا بوو بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی بوژانەوەی کولتووریی کورد. کۆمەڵەی «خۆیبوون» کە لە ساڵی ۱۹۲۷دا دامەزرا، هاوکات لەگەڵ چالاکییەکانی جەلادەت و کامەران بەدرخان، ڕۆڵێکی مەزنیان لە خوڵقاندنی جۆرێک لە هۆشیاریی نەتەوەیی کوردیدا گێڕا.
بەدرخانییەکان کۆششیان کرد زمانی کوردی ستاندارد بکەن و بۆ یەکەمجار پڕۆژەیەکی جیددی بۆ مۆدێرنکردنی زمان و ئەدەبیاتی کوردی هاتە کایەوە. ئەوان ئیلهامیان لە ئەزموونی بوژانەوەی زمانی عیبری و چاکسازییەکانی لاتینیکردن وەرگرت و هەوڵیان دا زمانی کوردی لە دۆخی زارەکی و زاراوەییەوە بگۆڕن بۆ زمانێکی نووسراو و پەروەردەیی.
فەڕەنسا، هەرچەندە لە هەمبەر پرسی کورددا سیاسەتێکی دژبەیکی هەبوو و جاروبار بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا پاشەکشەی دەکرد، بەڵام لە هەندێک قۆناغدا پشتگیریی لە چالاکییە کولتوورییەکانی کورد دەکرد. بۆ نموونە، لە ناوچەی جەرابلوس خوێندن بە سێ زمانی عەرەبی، کوردی و تورکی ڕێگەپێدراو بوو، و زمانی کوردی بۆ یەکەمجار لە بەڵگەنامەیەکی فەرمیی فەڕەنسیدا وەک زمانی خوێندن دانی پێدا نرا.
تەنانەت کامەران بەدرخان پڕۆژەی دامەزراندنی قوتابخانەیەکی شەوانەپۆزی کوردی لە جزیرەی سووریا هێنایە ئاراوە؛ پڕۆژەیەک کە ئامانجەکەی پێگەیاندنی «بژاردەی نەتەوەیی کورد» بوو. ئەو داوای دامەزراندنی کێڵگە، گوند و ناوەندێکی پەروەردەیی تایبەتی دەکرد بۆ پەروەردەکردنی منداڵانی سەرۆک هۆزەکان و نوخبەی کورد.
۳. «بەرگری بە پێنووس»؛ ڕۆژنامەکان، ئەلفوبێی لاتینی و لەدایکبوونی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی
دوای شکستی ڕاپەڕینی ئاگری، بەشێک لە بژاردە و ڕۆشنبیرانی کورد گەیشتنە ئەو قناعەتەی کە خەباتی کولتووری گرنگییەکی زۆر زیاتری هەیە. لەم قۆناغەدا، جەلادەت بەدرخان پڕۆژەی لاتینیکردنی زمانی کوردی یان هەڵبژاردنی پیتە لاتینییەکانی بۆ نووسینی کوردی دەست پێکرد؛ پڕۆژەیەک کە بە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی لە زمانی کوردیدا دادەنرێت.
گۆڤاری «هاوار» کە لە نێوان ساڵانی ۱۹۳۲ تا ۱۹۴۳ بڵاو دەکرایەوە، گرنگترین ئامرازی ئەم گۆڕانکارییە بوو. ئەم گۆڤارە نەک تەنها ئەلفوبێی لاتینی بڵاو دەکردەوە، بەڵکوو بوو بە بێشکەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی شیعر، چیرۆک، فۆلکلۆر، وتاری سیاسی و ئەدەبیاتی مۆدێرنی کوردی.
لە پاڵ گۆڤاری «هاوار»دا، گۆڤارگەلێکی دیکەی وەک «ڕوناهی»، «ڕۆژی نوێ» و «ستێر» بڵاو کرانەوە و ڕۆڵێکی بەرچاویان لە گەشەپێدانی کولتوور و زمانی کوردیدا بینی. هەروەها ڕادیۆی ڕۆژهەڵات (رادیو شرق) لە بەیرووت بوو بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پەخشی مۆسیقا و بەرنامەی کوردی.
لە هەمان سەردەمدا، یانە و کۆمەڵە کولتوورییە کوردییەکان لە سووریا پێکهاتن. زۆربەی ئەم کۆمەڵانە لەلایەن ئەو چالاکوانانەوە دامەزران کە دوای شکستی ڕاپەڕینی شێخ سەعید و ڕاپەڕینی ئاگری ڕاگوێزرابوون، و یارمەتیدەر بوون لە بنیاتنانەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کورددا.
٤. کۆتاییهاتنی ڕاسپاردەیی و دەستپێکی سەرکوتی نەتەوەپەرستی
دوای سەربەخۆیی سووریا لە ساڵی ۱۹٤٦ و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ڕەوتە نەتەوەپەرستە عەرەبەکانەوە، مەودای چالاکیی کولتووریی کورد بە توندی سنووردار کرا. لەگەڵ هاتنەسەرکاری پارتی بەعس، سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن، نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی و سڕینەوەی سیمبۆلە کولتوورییەکانی کورد پێ نایە قۆناغێکی ڕێکخراوەوە.
لە سەردەمی یەکێتیی نێوان سووریا و میسر (۱۹٥۸-۱۹٦۱)، گوشارەکان بۆ سەر چالاکوانانی کورد زیاتر بوون. داواکارییەکانی کورد بۆ خوێندن بە زمانی کوردی یان ڕێگەدان بە بەرنامە ڕادیۆییە کوردییەکان ڕەت کرانەوە و هەزاران چالاکوانی سیاسی و کولتووری دەستبەسەر کران.
«نورەدین زازا»، ڕێبەری پارتی دیموکراتی کوردی سووریا، لە بەرگرینامە بەناوبانگەکەیدا لەبەردەم دادگای ئاسایشی سووریا لە ساڵی ۱۹٦۰دا، باسی لە «جیاکاریی ڕەگەزی» دژ بە کورد کرد و پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە کورد گەلێکە خاوەنی زمان، مۆسیقا، شیعر و کولتوورێکی سەربەخۆیە.
ئەو هەروەها ئاماژەی بەو ڕێکارانە کرد کە دواتر بوون بە سیاسەتی فەرمیی حکومەت، لەوانە:
گۆڕینی ناوی شار و گوندە کوردییەکان بۆ ناوی عەرەبی.
قەدەغەکردنی تۆمارکردنی ناوی کوردی بۆ کۆرپە و منداڵانی تازەلەدایکبوو.
سەرکوتکردنی پۆشاک و هێما کولتوورییەکانی کورد.
٥. لووتکەی «جینۆسایدی کولتووری»
بە گوتەی نووسەر، سەردەمی دەسەڵاتی بەعس خراپترین قۆناغ بوو بۆ زمان و کولتووری کوردی لە سووریا. حکومەت ئاخاوتن بە زمانی کوردی، مۆسیقای کوردی، ناونانی کوردی و چالاکییە کولتوورییەکانی سنووردار یان بە تەواوی قەدەغە کرد.
لە نێوان ساڵانی ۱۹٦۰ تا ۱۹۸۰ تەنها سێ کتێب بە زمانی کوردی بڵاو کرانەوە، ئەوانیش بە شێوەیەکی نهێنی لە سووریادا دابەش دەکران. زۆرێک لە شاعیران، نووسەران و چالاکوانانی کولتووری کەوتنە ژێر ڕاوەدوونان و تەنانەت پاراستنی کتێبێکی کوردی دەبووە هۆی دەستگیرکردن.
سەرەڕای ئەمەش، دەیەی ۱۹۹۰ شاهیدی جۆرێک لە «بیداریی کولتووری» (هۆشیاربوونەوەی کولتووری) بوو. خوێندنی نهێنیی زمانی کوردی، بڵاوبوونەوەی گۆڤار و بڵاوکراوە ژێرزەمینییەکان و دواتریش هاتنی ئینتەرنێت، وایکرد کە زمان و ئەدەبیاتی کوردی دووبارە گەشە بکاتەوە.
٦. دوای ۲۰۱۲؛ بوژانەوەی بەربەلاوی ناسنامەی کوردی
دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا و پێکهێنانی قەوارەی «بەڕێوەبەریی خۆسەر» لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کەشێکی نوێ بۆ گەشەکردنی زمان و کولتووری کوردی ڕەخسا.
خوێندنی نیمچەفەرمیی زمانی کوردی، دامەزراندنی میدیا، ڕادیو و کەناڵە تەلەفزیۆنییە کوردییەکان، چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤار، و چالاکیی دامەزراوە کولتوورییەکان بوونە هۆی ئەوەی بەشێک لەو پڕۆژەیەی کە لە دەیەی ۱۹۳۰وە دەستی پێکردبوو، دووبارە زیندوو بێتەوە.
نووسەر پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نەوەی نوێی کوردانی سووریا، کەمتر ئاگاداری ئەو ئازار و باجەن کە نەوەکانی پێشوو بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەی کوردی داویانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەوەکانی پێشوو چەندین دەیە خەباتیان کردووە بۆ ڕێگریکردن لە سڕینەوەی تەواوەتیی کولتووری کوردی.
بە بڕوای ئەو، ئەمڕۆ پاراستنی زمان و خوێندنی کوردی چیتر تەنها داواکارییەکی کولتووری نییە، بەڵکوو بووەتە گرنگترین داواکاریی ناسنامەیی کوردانی سووریا، کە هیچ قەوارەیەکی سیاسی لە داهاتووی سووریادا ناتوانێت پشتگوێی بخات.
Your Comment