بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دربڕینی بێهیوایی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە کورد، ناتوانرێت تەنیا وەک پەرچەکردارێکی کاتی و قۆناغی سەیر بکرێت. ئەم بابەتە بەشێکە لە مێژووی ئاڵۆزی پێوەندییەکانی ئەمریکا و کورد؛ پێوەندییەک کە تێیدا زلهێزەکان چەندین جار توانای سەربازی و جیۆپۆلیتیکی کوردیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە، بەڵام کەمتر ئامادە بوون دان بە داواکارییە سیاسی و ئەمنییەکانیاندا بنێن.
ئەوەی ئەمڕۆ لە قاڵبی ناکۆکییە سیاسی و ئەمنییەکاندا دەخرێتە ڕوو، بۆ کورد درێژکراوەی هەمان مۆدێلە مێژووییەکەیە: هەمیشە چاوەڕوانییان لێ دەکرێت بجەنگن، باج بدەن و لە خزمەت ئامانجە ناوچەییەکانی زلهێزەکاندا بن، بەڵام کاتێک نۆرەی دەستەبەرکردنی گەرەنتی سیاسی و ئەمنی دێت، زۆربەی جار بە تەنیا جێدەهێڵرێن.
لە لایەکەوە کورد هەیە کە دەیان ساڵە بۆ مانەوە، ناسنامە و مافی چارەی خۆنووسین خەبات دەکات؛ لە لایەکی دیکەشەوە سەرۆکێک لە ئەمریکا هەیە کە ڕوانینی بۆ هاوپەیمانێتییەکان زیاتر لەسەر بنەمای هاوکێشە کاتییەکان و بەرژەوەندییە کورتخایەنەکانە. هەر بۆیە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە ئایا ترەمپ لە کورد بێهیوا بووە یاخود نا؟ بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کورد هۆکاری زیاتری لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی لە ئەمریکا و سیستمی نێودەوڵەتی بێهیوا بێت؟
بیرەوەری مێژوویی کورد لەگەڵ ڕۆژاوا
ڕیشەی بێهیوایی کورد لە ناخی بیرەوەرییەکی مێژووییدا چەسپاوە؛ بیرەوەرییەک کە پڕە لە بەڵێنی جێبەجێ نەکراو و پشتیوانی نیوەچڵ. بۆ زۆربەی کورد، پەیمانی لۆزان لە ساڵی ۱۹۲۳ تەنیا ڕێککەوتنێکی سنووری نەبوو؛ بەڵکوو ئەو خاڵە بوو کە خەونی دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆی لێڵ و کەمڕەنگ کرد.
نزیکەی سەدەیەک دواتر، گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ۲۰۱۷ ئەو برینە مێژووییەی کولاندەوە. لەو گشتپرسییەدا زیاتر لە ۹۲٪ی دەنگدەران پشتیوانییان لە سەربەخۆیی کرد، بەڵام ئەمریکا دژایەتی ئەم پڕۆسەیەی کرد و ئامادە نەبوو بەرگری لە ئەنجامەکانی بکات. کاتێک هێزە عێراقییەکان بەرەو کەرکووک پێشڕەوییان کرد، واشنتۆن پێی باشتر بوو هەڵوێستێکی بێلایەنانە بگرێتە بەر. بۆ ئەمریکا، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەدا پاساوی بۆ دەهێنرایەوە؛ بەڵام بۆ زۆرێک لە کوردان، نیشانەیەکی دیکە بوو لە قوربانیکردنی خواستەکانیان لەپێناو بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا.
پاشەکشەی هێزە کوردییەکانیش لە کەرکووک، تەنیا بڕیارێکی سەربەخۆی سەربازی نەبوو؛ بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتێکی گەورەتر. سەرکردایەتیی کورد لەبەردەم مەترسیی شەڕێکی داڕوخێنەر و دووبارەبوونەوەی تراجیدیاکانی وەک هەڵەبجە و پرۆسەکانی ئەنفالدا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، دەرئەنجامە سیاسییەکەی ئەو پاشەکشەیە، ئەو باوەڕەی لەناو کورددا بەهێزتر کرد کە تەنانەت بەشداریکردن لە پرۆسە دیموکراتییەکان و هاوکارییکردنی ڕۆژاوایش، نابنە گەرەنتی بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری لە ساتەوەختە چارەنووسسازەکاندا.
لە شەڕی داعشەوە تا هەستی پشتگوێخران
ئەم مۆدێلە لە سووریایش (ڕۆژاوای کوردستان) دووبارە بووەوە. هێزە کوردییەکان و هاوپەیمانەکانیان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە تێکشکاندنی داعشدا گێڕا و لەم پێناوەشدا هەزاران شەهیدیان دا. بەڵام دوای ڕووخانی خەلافەتی داعش، گرنگیی ستراتیژیی ئەوان بۆ واشنتۆن کەم بووەوە.
بڕیارەکەی ترەمپ لە ساڵی ۲۰۱۸ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، لە ڕاستیدا ڕێگەی خۆشکرد بۆ هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان. لە دەرئەنجامدا، شارەکانی وەک عەفرین، گرێ سپی (تل أبیض) و سەرێ کانی (رأس العین) داگیرکران و ڕووبەڕووی گۆڕینی دیموگرافی بوونەوە.
ترەمپ لە بەرگریکردن لەم بڕیارەیدا ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا چاوشارکێی نەکردووە و بەڵێنی نەداوە "تا هەتایە" پارێزگاری لە کورد بکات. ئەو هۆکارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "نەوتەکەی پاراستووە" و تەنانەت گوتیشی کورد لەبەرامبەر شەڕکردنیدا "پارەی وەرگرتووە".
ئەم جۆرە لێدوانانە بۆ زۆربەی کورد بە مانای پشتگوێخستنی ڕەهەندە سیاسی و مرۆییەکانی خەباتەکەیان بوو. لە ڕوانگەی ئەوانەوە، شەڕی داعش تەنیا هاوکارییکردن لە پڕۆژەیەکی ئەمریکاییدا نەبوو؛ بەڵکوو شەڕێک بوو بۆ مانەوە، پاراستنی شارەکانیان و بەرگریکردن لە داهاتووی سیاسییان. کورد لە پاڵ ئەمریکادا جەنگا، بەڵام تەنیا بۆ ئەمریکا نەجەنگا.
وریایی کورد؛ بەرهەمی ئەزموونی مێژووییە
شیکارییەکی ستراتیژی جەخت لەوە دەکاتەوە کە وریایی و دوودڵیی ئەمرۆی کورد نەک لەبەر ترس یان بێمەیلی بۆ شەڕ، بەڵکوو دەرئەنجامی ئەزموونە مێژووییەکەیانە. بۆ زۆربەی ڕەوتە کوردییەکان، کێشەی سەرەکی تەنیا بەشداریی سەربازی نییە؛ بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم بەشدارییە لەگەڵ خۆیدا گەرەنتی سیاسی، ئەمنی و پشتیوانیی ڕاستەقینە دەهێنێت یان نا؟
لە کاتێکدا، ڕۆڵی تورکیا هێشتا بە یەکلاکەرەوە وەسف دەکرێت. بە بڕوای نووسەر، واشنتۆن تا ئەو کاتە پشتیوانی لە هێزە کوردییەکان دەکات کە ئەم پشتیوانییە نەکەوێتە دژایەتیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرەدا؛ بابەتێک کە لە دۆسیەی سووریادا چەندین جار بینراوە.
لەکۆتاییدا، کورد خۆی لە دۆخێکی دژبەیەکدا دەبینێتەوە: کاتێک وەک هێزێکی کاریگەر لە مەیدانی شەڕدا پێویستن، ستایش دەکرێن؛ بەڵام کاتێک خواستە سیاسی و ئەمنییەکانیان دەخرێنە ڕوو، پەراوێز دەخرێن.
بێهیوایی کورد قورستر و قووڵترە
ئەم شیکارییە لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەگەر ترەمپ ئەمڕۆ لە کورد بێهیوا بووبێت، هۆکارەکەی ئەوەیە کە چاوەڕوانیی هاوڕایی تەواو و بێ مەرجی لێ کردوون. بەڵام بێهیوایی کورد؛ لە لۆزان و کەرکووکەوە بگرە تا عەفرین و ڕۆژاوای کوردستان، ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە.
بۆ کورد، هەر داواکارییەکی نوێی ئەمریکا، بیرهێنەرەوەی ئەو ئەزموونانەیە کە تێیدا هاوکاریی سەربازی بەبێ گەرەنتی سیاسی و ئەمنی کۆتایی هاتووە. هەر بۆیە، کێشی مێژوویی بێهیوایی کورد زۆر قورسترە لە بێهیواییەکەی ترەمپ؛ چوونکە ئەوان چەندین جار لە هاوکێشە ناوچەییەکاندا وەک هاوبەشێکی کاتی بینراون، نەک وەک ئەکتەرێک کە دەبێت ماف و داهاتووی مسۆگەر بکرێت.
Your Comment