بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاتیمۆغڵوڵڵاری داوای کرد سەرۆکی پەرلەمان کارەکانی دیکە وەلا بنێت و کار لەسەر بەیاساییکردنی راپۆرتی "کۆمیسیۆنی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بکات.
ناوبراو جەختی کردەوە کە پێویستە پەرلەمان وەک "ناوبژیوان و پردێک" بێت لە نێوان لایەنەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیدا، هەروەها داوای کرد هەر لەم هەفتەیەدا نەخشەڕێگە و خشتەی کاتی بۆ پرۆسەی ئاشتی دیاری بکرێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی توندی لە سیاسەتی دانانی قەیوم گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە ئیرادەی گەلی جۆلەمێرگ لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە رووبەڕووی ستەم بووەتەوە. داوای کرد سەرجەم سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
تولای هاتیمۆغڵوڵڵاری سەبارەت بە داخستنی دۆسیەی کوژرانی حەوت کەس بە بیانووی "بەسەرچوونی کات"، رایگەیاند کە لە تاوانە دژە مرۆییەکاندا شتێک نییە بە ناوی تێپەڕبوونی کات و نابێت دۆسیەکان دابخرێن.
هاتیمۆغڵوڵڵاری ئاماژەی بە "دەسماڵە سپییەکانی دایکانی ئاشتی" کرد وەک هێمایەکی پیرۆز و داوای کرد پەرلەمان ئەو داواکارییە بکاتە بنەما بۆ دەرکردنی "یاسای ئاشتی" تا وڵات لە قەیرانی ئێستا رزگاری بێت.
Your Comment