درێژکردنەوەی ماوەی زیندانی کردن وام لێناکات لە هەڵوێستەکانم پاشەکشە بکەم

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە چەند مانگێکی ماوە ۱۰ ساڵی تەواو لە زینداندا بەسەر ببات، رایدەگەیێنێت کە درێژکردنەوەی ماوەی زیندانییەکەی وای لێناکات لە هەڵوێستەکانی پاشەکشە بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاشی کرد، کە لە تشرینی دووەمی ۲۰۱۶ـەوە لە زیندانی ئەدیرنەیە و ناوەڕۆکی دیدارەکەی لەگەڵ دەمیرتاش بۆ میدیاکان گێڕایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، دەمیرتاش سەبارەت بە پرسی ئازادکردنی و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا گوتوویەتی: "بۆ کەسێک کە ۱۰ ساڵ زیندانی کرابێت، ۱۵ ساڵ هیچ جیاوازییەکی نییە".

دەمیرتاش لە دیدارەکەیدا لەگەڵ چاندار، نموونەیەک بۆ گوشارەکان دەهێنێتەوە و دەڵێ: "ئەگەر بە کەسێک بڵێیت کە ۱۲ مانگە زیندانییە، 'ئەگەر فڵانە شت نەکەیت مانگی ۱۳ـەهەمیش دەمێنیتەوە'، رەنگە کاریگەر بێت و ئەو مانگە لەبەرچاوی زۆر گەورە بێت. بەڵام بۆ کەسێک ۱۰ ساڵی لێرە بەڕێکردبێت، پێنج ساڵی دیکە هیچ نییە".

جەنگیز چاندار دەڵێت، خوێندنەوەی ئەو بۆ ئەم قسانەی دەمیرتاش ئەوەیە کە ئەو دەیەوێت پەیامێک بداتە دەسەڵاتدارانی تورکیا کە "هەرگیز لەسەر پرەنسیپ و هەڵوێستە سیاسییەکانم سازش ناکەم، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات زیاتریش لە زینداندا بمێنمەوە".

سەرەڕای ئەوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا (ECHR) چەندین جار بڕیاری ئازادکردنی کۆتایی بۆ دەمیرتاش دەرکردووە، بەڵام حکومەتی تورکیا تاوەکو ئێستا پابەندی بڕیارەکان نەبووە، ئەمەش بووەتە جێگەی ناڕەزایەتییەکی زۆری ئۆپۆزیسیۆن و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

سەلاحەدین دەمیرتاش لە رۆژی ۴ـی تشرینی دووەمی ۲۰۱۶ـەوە دەستبەسەرە. لەو ماوەیەدا ۴۷ دۆسیەی جیاوازی بۆ کراوەتەوە و بە چەندین تۆمەتی وەک "تێکدانی یەکڕیزیی دەوڵەت، هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان، رێکخستنی خۆپێشاندانی نایاسایی و پروپاگەندە بۆ تیرۆر" دادگایی دەکرێت.

News ID 227088

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha