بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەبارەی دانوستانەکانەوە راگەیاند: "ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان تاران و واشنتن لە رێگەی پاکستانەوە بەردەوامە و ئەمڕۆ شاندێکی پاکستان لە درێژەی تاوتوێی دانوستاندنەکەی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئاباد، سەردانی تاران دەکات".
ئیسماعیل بەقایی وتیشی: "لە رۆژی یەکشەممەوە کە شاندی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاکستان گەڕایەوە، تاوەکو ئەمڕۆ پەیامی جۆراوجۆر لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانییەوە ئاڵوگۆڕ کراوە. هەڵوێستەکانی ئێمە زۆر بە روونی لەوێ و لەکاتی ئەم ئاڵوگۆڕانەشدا ڕاگەیێندراون".
ئیسماعیل بەقایی، لە بارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانەوە ڕایگەیاند: "تەنیا ئامانجی ئاشتییانەی لەپشتە و هیچ کات بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نەبوونە و ناشبن، دەشڵێت، بنەما ئایینییەکان رێگەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان پێ نادات، بەڵکو ئەو دەربڕینانەی سەبارەت بە ویستی ئێران هەن بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، دەرخەری 'سەرلێشێواوی'ـی بەرپرسانی ئەمریکییە".
بەقایی وتیشی: "نازانم بە چ زمانێک، بە چ دەربڕینێک دەبێ هەڵوێستی ئێران رابگەیێندرێت. ئەوەی کە بەرپرسانی ئەمریکی پێداگری دەکەن و وا پێشانی دەدەن کە لە هەڵوێستەکانی ئێران ئاگادار نین، هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی روونە. نەوەک لەبەر ئەوەی ترسمان لە کەسێک هەبێت، ئەمە یەکێکە لە بنەماکانی ئێمە. بنەما ئایینییەکانمان ئەم ئەرکەمان پێ دەسپێرن و بەشێکە لە ستراتیژیی بەرگریی ئێران. ئێران هیچ کاتێک بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی نائاشتییانە نەبووە".
بەقایی ڕاشیگەیاند: "ئەو باسانەی کە لە میدیاکانی رۆژئاوادا وروژێنراون، ناتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە، بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی مافی رەوای ئێرانە و مافێکی سرووشتییە و بەپێی پەیمانی قەدەخەکردنی چەکی ناوەکی ئەوە رەت ناکرێتەوە، لە هەمان کاتدا، سەبارەت بە ئاست و جۆری پیتاندن، کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە رایگەیاندووە کە ئەم پرسە لە چوارچێوەی پێداویستییەکانی وڵاتدا جێگای گفتوگۆکردنە".
Your Comment