ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا دەکرێتەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا دا و بەڕێوەبەرانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانیش رایدەگەیێنن، دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ چوارشەممە ۰۸-۰۴-۲۰۲۶ بەنگین رێکانی، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراق بە وەکالەت، کردنەوەی ئاسمانی عێراق و سەرجەم فڕۆکەخانەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیاند، و وتی: "ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکەنەوە".

هەروەها ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگەیاند: "لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی عێراقەوە ئاگادار کراینەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانمان و ئێستا دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە."

هاوکات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ئەو ئاگادارییەی لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراقەوە پێیان گەیشتووە، لە ئەمڕۆوە ۰۸-۰۴-۲۰۲۶ ئاسمانی عێراق بەڕووی جووڵەی فڕۆکەوانیدا بۆ گەشتە ئاسمانییەکان کراوەتەوە.

بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە هێڵە ئاسمانییەکان بەپێی پلانی خۆیان و دوای رێکخستنەوەی خشتەی گەشتەکانیان، بە زووترین کات گەشتە ئاسمانییەکانیان لە فڕۆکەخانەکە دەستپێبکەنەوە.

فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بریتین لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر، جەلال تاڵەبانی (سلێمانی)، کەرکووک، موسڵ، بەغدا، نەجەف و بەسرە.

News ID 226993

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha