بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند "دەستبەجێ لەسەر ئەم ڕووداوە تیمەکانی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەن و دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزی دڕع بووە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە وەرگەڕاوە و گڕی گرتووە".
ئاسایشی هەرێم باسی لەوەش کردوە کە "لە ڕووداوەکە دوو سەرنشین لە ئۆتۆمبێلەکەدا، هەبووە و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە".
ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقیەوە هی عومەر ئیلخانی زادە بوو کە یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و دوای ڕووداوەکە بە سپی میدیای ڕاگەیاندووە: ئۆتۆمبێلەکەم لە سلێمانیەوە بەڕێگاوە بووە بەرەو قەزای دووکان، دوو پێشمەرگەی تێدابووە و یەکێکیان گیانی لەدەست داوە و ئەوی دیکەیان بریندارە و خۆم لەگەڵیاندا نەبووم.
لە بارەی ئەوەی گومان دەکەن کێ لە پشت ڕووداوەکەوە بێت، ئەو بەرپرسەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکەی ئێران وتی: "چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین".
بازگەی کەڵەوانان دەکەوێتە نێوان شاری سلێمانی و ناحیەی پیرەمەگرون و ١٥ کیلۆمەتر لە سەنتەری سلێمانیەوە دوورە.
Your Comment