یادکردنەوەی شەهیدانی یەکی شوبات تەنها وەبیرهێنانەوەی ئازارێک نییە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە ساڵیادی شەهیدانی ١ی شوبات دەڵێت: "ئەوان لە کاتێکدا شەهید بوون کە خەریکی پیرۆزبایی جەژن و بەهێزکردنی تەبایی و خۆشەویستی بوون، بۆیە یادکردنەوەیان تەنها وەبیرهێنانەوەی ئازارێک نییە، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بەهایانەی ئەوان لەپێناویدا گیانیان بەخشی".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی شەهیدانی ١ی شوباتی ٢٠٠٤ی شاری هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە ورایگەیاند"  ئەمڕۆ بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی١ـی شوباتی ٢٠٠٤ دەکەینەوە، ئەو رۆژەی تیرۆریستانی تاریکپەرست لە بەیانییەکی جەژندا، بە رق و کینەیەکی رەشەوە، دوو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە هەولێر کردە ئامانج و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید و بریندار کرد".

بارزانی دەشڵێت: "شەهیدانی ١ی شوبات، سیمبۆلی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی رۆڵەکانی كوردستانن لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا. ئەوان لە کاتێکدا شەهید بوون کە خەریکی پیرۆزباییی جەژن و بەهێزکردنی تەبایی و خۆشەویستی بوون، بۆیە یادکردنەوەیان تەنها وەبیرهێنانەوەی ئازارێک نییە، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بەهایانەی ئەوان لەپێناویدا گیانیان بەخشی".

ئەوەشی وتووە: باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی ١ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوویه‌كی گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت.

لە بەیانی ڕۆژی ١ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لە کاتێکدا خەڵکی شاری هەولێر و بەرپرسان سەرقاڵی پیرۆزبایی جەژن بوون، دوو کردەوەی "تیرۆریستیی" خۆکوژی لەناو بارەگاکانی (لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان) و (مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) لە شاری هەولێر ئەنجام دران. لە ئاکامی ئەم دوو تەقینەوەیەدا، ١٠١کەس گیانیان سپارد و سەدانی دیکەش بریندار بوون. 

News ID 226812

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha