کوردپرێس: فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کوردستان تیڤی-ی ڕاگەیاندووە: بڕیارە ڕۆژی سێشەممە شاندی باڵای پارتی سەردانی بەغدا بکات و دەست بە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەکان (شیعە و سوننە) بکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
لە دواین کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، شاندێکی دانوستانکار بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان پێکهێنرا.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسییە و پێکهاتووە لە هەریەکە لە فوئاد حوسێن و نەوزاد هادی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا.
ئەم جموجووڵە سیاسییە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی ۲۹ـی ئەم مانگە، یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت و تێیدا پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان سوێندی یاسایی دەخۆن و دەستبەکار دەبن.
Your Comment