بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەسڵە یووسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS)، بۆ کوردستان۲۴ باسی لە دۆخی سیاسیی سووریا دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە کرد و سەبارەت بە سەردانی شاندی ئەنەکەسە بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەیان لەگەڵ هەریەکە لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا؛ روونیکردەوە: "شاندی ئەنەکەسە وەک لایەنێکی دانوستانکار نەچووەتە دیمەشق، بەڵکوو کۆبوونەوەیان کردووە و داوایان کردووە دیمەشق پێشوازی لە 'شاندی کوردیی هاوبەش' بکات. ئەو شاندە هاوبەشە لە ئەنجامی کۆنفرانسی ۲۶ـی نیسان پێکهاتووە و نوێنەرایەتیی گەلی کورد لە سووریا دەکات".
ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە باسی لە بڕیارنامەی ژمارە ۱۳ـی سەرۆکایەتی کرد، کە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ۲۰۲۶ لەلایەن ئەحمەد شەرع دەرکرا و تێیدا دان بە ناسنامەی کوردی و زمانی کوردیدا نراوە. فەسڵە یووسف ئەم بڕیارەی بە هەنگاوێکی باش وەسف کرد، بەڵام ڕایگەیاند: "ئەمە بەس نییە و پێویستە هەموار بکرێتەوە و بە فەرمی لە دەستووری نوێی سووریادا بچەسپێنرێت بۆ ئەوەی ببێتە مافێکی دەستووریی مسۆگەر".
هەروەها ئاشکرای کرد، شاندی ئەنەکەسە لە دیمەشق سێ داواکاریی سەرەکییان خستووەتە بەردەم بەرپرسانی باڵای سووریا:
۱. زمانی کوردی: لە دەستووری سووریادا وەک زمانێکی فەرمی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا بناسرێت و ببێتە زمانی خوێندن و پەروەردە.
۲. دانپێدانانی نەتەوەیی: گەلی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن و سەرەکیی سووریا لە دەستووردا دیاری بکرێت.
۳. هاوبەشی لە دەسەڵات: کورد تەنیا وەک "بەشدار" نا، بەڵکوو وەک "هاوبەشی ڕەسەن" لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەتی سووریادا جێگەیان بکرێتەوە.
فەسڵە یووسف لەسەر پرسی وەرگرتنی پۆستە ئیداری و وەزارییەکان، وتی: "کورد بەشێکن لە کۆمەڵگەی سووریا و مافی خۆیانە لە بەرێوەبردنی وڵاتدا ڕۆڵیان هەبێت، بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و پۆستی پیشەیی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا وەربگرن بۆ ئەوەی خزمەتی گەلەکەی خۆمان بکەین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەسڵە یووسف باسی لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنی قەتەری کرد و ئاماژەی بەوە دا، قەتەر لە دۆسیەی سووریادا خاوەن کاریگەرییەکی گەورەیە و ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پشتیوانیکردنی سەقامگیریی قۆناغی دوای ئەسەد. ئەوان تێڕوانینی خۆیان بۆ چارەسەری سیاسی و مافەکانی کورد گەیاندووەتە بەرپرسانی قەتەر و هەستیان کردووە لایەنی قەتەریش بۆ پشتیوانی و هاوکاری ئامادەن.
لە کۆتاییدا، یووسف جەختی کردەوە؛ ئەنەکەسە لە خەباتی دیپلۆماسی و سیاسیی خۆی بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی مافە رەواکانی گەلی کورد لە سووریای داهاتوودا مسۆگەر دەکرێن.
Your Comment