کوردپرێس: سعوود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە: "ئاگادارین کە دەگوترێت ئەو چەکدارانەی هێندراونەتە عێراق بەشێکیان تاوانبارانی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکانن، بەڵام تاوەکوو ئەمڕۆ ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە."
مستۆ دەشڵێت: "بە دڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو چەکدارانەی داعش دەکەین کە تۆمەتبارن بەرامبەر تاوانەکان لە شنگال و بەرامبەر ئێزدییەکان و سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین."
بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "لە عێراق ناچارین بە یاسای تیرۆر سکاڵا لەسەر چەکدارانی داعش تۆمار بکەین. ئەوەش نابێتە جاری یەکەم و لە ڕابردووشدا هەر لە عێراق دژی چەکدارانی داعش سکاڵامان تۆمار کردووە و لێیان سزادراون، تاوەکوو سزای سێدارەش".
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە ۰۳ـی ئابی ۲۰۱۴دا، ۶ هەزار و ۴۱۷ کوردی ئێزدی ڕفێندران و هەزارانیش کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران، تا ئێستاش نزیکەی ۳ هەزار و ۵۹۵ کەس لە ڕفێندراوان ڕزگار کراون.
Your Comment