کۆنگرێسی ئەمریکا بەتەواوی سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت

لە هەنگاوێکی مێژووییدا کۆنگرێسی ئەمریکا بە فەرمی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی "یاسای قەیسەر"ی پەسەند کرد، ئەم بڕیارە کە لە چوارچێوەی ستراتیژی بەرگریی ئەمریکادا بە دەنگی ۷۷ سیناتۆر پەسەند کرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یاسای قەیسەر کە لە ساڵی ۲۰۱۹ و لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی پێشووی سووریا سەپێنرابوو، کۆسپێکی گەورە بوو لە بەردەم سیستەمی بانکی و ئابووریی سووریادا. دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی نوێنەران پڕۆژەکەی پەسەند کرد، ئێستا چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بکات بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

حکوومەتی سووریا بە گەرمی پێشوازی لەم بڕیارە کرد، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "ئەم هەنگاوە ئاسۆیەکی نوێ بۆ هاوبەشی لەگەڵ جیهان دەکاتەوە و سوپاسی ئەنجوومەنی پیران دەکەین بۆ پشتیوانییان لە گەلی سووریا".

لای خۆشیەوە جین شاهین، سیناتۆری دیموکراتی ئەمەریکی بڕیارەکەی بە "هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە" وەسف کرد بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی گەلی سووریا.

ئەم گۆڕانکارییە خێرایانە دوای زنجیرەیەک دیدار دێن لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، دوای ئەوەی لە مانگی ئایاردا لە کەنداو دیداریان هەبوو، لە ۱۰ـی تشرینی دووەمدا شەرع لە کۆشکی سپی پێشوازی لێکرا. چاودێران ئەمە بە سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بۆ شەرع دەزانن، کە وەک "جیهادییەکی پێشوو" توانیویەتی لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا متمانەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت و وڵاتەکەی لە گۆشەگیری دەربهێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی، سووریا پێویستی بە زیاتر لە ۲۱۶ ملیار دۆلارە بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، کە پێشبینی دەکرێت هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایانە ببێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە.

News ID 226629

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha