بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆنگرێسی ئەمریکا لە ۱۱ی کانونی یەکەمی ساڵی ۲۰۱۹، یاسای قەیسەری پەسەندکرد بەئامانجی سزادانی بەرپرسانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد سەرۆکی ئەوکاتی سووریا لەسەر ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی کردبوویان، هەڵوەشاندنەوەی یاساکەش مانای گەڕانەوەی وەبەرهێنان و هاوکارییە بیانییەکانە بۆ پشتیوانی ئیدارەی نوێی سووریا.
هەڵوەشاندنەوەی یاساکە مەرجدارکراوە بەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەماوەی ۹۰ ڕۆژدا ڕاپۆرتێکی سەرەتایی و تاچوار ساڵیش هەموو ۱۸۰ ڕۆژ جارێک ڕاپۆرت لەبارەی سووریاوە پێشکەشی کۆنگرێس بکات، هەروەها حکوومەتی سووریاش دەبێت هەنگاوی بنەڕەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان بگرێتەبەر، ڕێز لەمافی کەمینەکان بگرێت و بەهیچ شێوەیەک تاکلایەنە هێرشنەکاتەسەر وڵاتانی دراوسێ، ڕووبەڕووی سپیکردنەوەی پارە، پارەدارکردنی تیرۆرو مادە هۆشبەرەکان ببێتەوە و ئەوانەی تاوانی دژی مرۆڤایەتییان کردوە لە ڕژێمی پێشوو، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.
هەر بەگوێرەی مەرجەکان، ئەگەر سووریا نەیتوانیی ئەو بەندانەی بۆی دانراوە جێبەجێ بکات، دەکرێت یاسای قەیسەر دوبارە کارابکرێتەوە، چاوەڕێدەکرێت هەفتەی داهاتوو یاساکە لە ئەنجومەنی پیرانیش تێپەڕێنرێت و دواتریش سەرۆکی ئەمریکا واژۆی دەکات و یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمریکا بەیاساى قەیسەر، ڕێگەی گرتبوو هیچ کۆمپانیایەکی بیانی وڵاتانی جیهان لەبوارەکانی نەوتو غازی سروشتی، فڕۆکەوانی، بیناکاریی و ئەندازیاریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سووریادا کاربکات، چاوەڕێشدەکرێت هەڵوەشاندنەوەی یاساکە لابردنی گەورەترین ئاستەنگی بێت لەبەردەم سووریا تا دووبارە تێکەڵ بەسیستمی بانک و ئابوریی جیهان ببێتەوە و ئابوورییەکەی ببوژێنێتەوە و وەبەرهێنانی بیانیش ڕوو لەو وڵاتە بکات.
لاى خۆیشیهوه جۆو ویڵسن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی: "من زۆر خۆشحاڵم کە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەری پەسەندکرد، سوپاسی سەرۆک ترەمپ و تۆم باراک دەکەم کە پشتیوانییان لە هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر کرد، هیوادارم لەچەند ڕۆژی داهاتوودا یاساکە لە ئەنجومەنی پیران پەسەند بکرێت و دواتر بچێتەسەر مێزی دۆناڵد ترەمپ تاوەکوو واژۆی بکات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سووریا گەورە بکەینەوە".
Your Comment