بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرماندەیی گشتی هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: "قووڵترین پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستەی هاوبەشانی لە سوپای ئەمریکا و گەلی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات بۆ لەدەستدانی دوو سەربازی ئەمریکی کە لە هێرشێکی تیرۆریستی ترسنۆکانەدا گیانیان لەدەستدا، کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بیابانی سووریا کرانە ئامانج".
ئاماژەی بەوەشکرد، وێڕای ئەوەی بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە تیرۆریستییە دەکەین، دووپاتیدەکەنەوە کە هێزەکانیان، بە هاوبەشی تەواو لەگەڵ هاوپەیمانان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ڕێگە بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نادەن کە ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە یان جارێکی دیکە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بکەن. وەڵامدانەوەکە یەکلاکەرەوە و ڕاستەوخۆ دەبێت دژی ئەوانەی بەرپرسن لەم هێرشە و ئەوانەی پاڵپشتییان دەکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات توانای خۆیان لە ڕیشەکێشکردنی داعش و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە سەربازییەکەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەلماندووە. ئامادەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە تەواوی خاکی سووریا و لەناوبردنی مۆڵگەکانیان لە هەر شوێنێک بن، بەبێ دوودڵی و پاشەکشە.
شایانی باسە کاروانێکی هێزە سەربازییەکانی سووریا و هێزێکی ئەمریکی لە کاتی ئەنجامدانی دەورییەدا لە شاری تەدموری ناوەڕاستی سووریا هێرشیان کرایە سەر و بەوتەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، لە هێرشەکەدا دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی مەدەنی ئەو وڵاتە کوژران و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون.
Your Comment