بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاكان فیدان، لە میانەی بەشداریكردن لە کۆڕبەندی دەوحە ڕایگەیاند: هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) ئامادە نین ئەو رێککەوتنی ئازار كە لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی سووریا واژۆكرا بۆ تێکەڵبوون بە سوپای سووریا جێبەجێ بکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: "پێویستە هەسەدە تێبگات کە فەرماندەیی و کۆنترۆڵ دەبێت لە یەک شوێنەوە بێت. ناکرێت دو سوپا لە یەک وڵاتدا هەبن. بۆیە دەبێت تەنیا یەک سوپا و یەک پێکهاتەی فەرماندەیی هەبێت".
هاكان فیدان دەشڵێت: "دەمانەوێت ئەندامە ناسووریاییەکانی ناو هەسەدە، واتە ئەوانەی خەڵکی عێراق، ئێران و تورکیان، دەستبەجێ ئەو هێزە جێبهێڵن، هەروەها هەمو ئەو یەکانەی دژی بەرژەوەندی و ئاسایشی تورکیا جێگیرکراون، دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە".
ئەوە لەكاتێكدایە تورکیا بۆ ماوەی چەندین ساڵە دژایەتی هەسەدەی دەكات کە ناوچەیەکی بەرفراوانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای کۆنترۆڵ كردوە، چوونکە وەک درێژکراوەی پەکەکە سەیری دەكات و فشاری دەكات بۆ تێکەڵکردنی ئەو هێزانە - کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن- لەگەڵ سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی سووریا.
Your Comment