بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەندامانی دەم پارتی لە کۆمیسیۆنی ئاشتی راپۆرتێکی ۹۹ لاپەڕەییان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد. چاوەڕوان دەکرێت پارتەکانی دیکەش تاوەکوو کۆتایی ئەم هەفتەیە راپۆرتی خۆیان پێشکێش بکەن.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی، ۲۱ـی تشرینی دووەمی کۆمیسیۆنەکەدا داوای لە پارتەکان کردبوو تاوەکو ۲۸ی تشرینی دووەم پێشنیاز و بۆچوونی خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بنێرن، بۆ ئەوەی راپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆنەکە ئامادە بکرێت.
بەڵام دوای ئەوەی لە هەمان کۆبوونەوەدا بڕیاردرا شاندێکی کۆمیسیۆنەکە سەردانی ئیمراڵی بکات بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، پارتەکان رایانگەیاند، دوای پێدانی زانیاری لەبارەی ئەو سەردانە لە کۆمیسیۆنەکە، راپۆرتەکانیان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن.
لە کۆبوونەوەی رۆژی ۴ـی کانوونی یەکەمی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی، پارتەکان زانیارییان لەبارەی ئەو راپۆرتانەوە دا کە ئامادەیان دەکەن، بەڵام بە بیانووی ئەوەی هێشتا تەواو نەکراون، هیچ راپۆرتێک پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەکرا.
جەهەپە، پوختەی راپۆرتێکی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و رایگەیاند دواتر راپۆرتی وردتر دەنێردرێت.
دەم پارتی، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە کە لەلایەن گوڵستان کڵچ کۆچیگیت و مەرال دانش بێشتاش، بریکارانی هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەرلەمانتاران هاککی ساروهان ئۆلوچ، جەلال فرات و جەنگیز چیچەک ئامادە کراوە، پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە، بەڵام راپۆرتەکە بۆ میدیاکان بڵاونەکرایەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، راپۆرتەکەی دەم پارتی لە ۹۹ لاپەڕە و ۶ بەش پێکهاتووە و هەڵسەنگاندن و پێشنیازی تێدایە.
چاوەڕوان دەکرێت مەهەپە و ئاکپارتیش لەم هەفتەیەدا راپۆرتی خۆیان پێشکێش بکەن.
گرووپی رێگەی نوێ کە پێشتر سەردێڕی راپۆرتەکانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو، تاوەکو کۆتایی هەفتە راپۆرتی وردتر پێشکێش دەکات. پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ هێشتا راپۆرتەکەی تەواو نەکردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی یەک-دوو رۆژدا پێشکێشی بکات.
دوای پێشکێش کردنی راپۆرتەکان لەلایەن پارتەکانەوە، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو کۆمیسیۆنەکە کۆببێتەوە یان نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ نوێنەری پارتەکان لە کۆمیسیۆنەکە کۆ ببێتەوە و تاوتوێی ئەوە بکەن کە چۆن ڕاپۆرتی کۆتایی ئامادە بکرێت.
Your Comment