بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە دەستپێکی دانیشتنەکانی گفتوگۆی بودجەی ۲۰۲۶ لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا تیشکی خستەسەر پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ و گوتی: "تورکیای بێ تیرۆر تەنیا لە چوارچێوەی ئەرکی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموكراسی نییە، كە لە پەرلەمان پێكمانهێناوە، بەڵكو ئەمە پڕۆژەیەكی دەوڵەتە."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت و کۆتایی پێبێت، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت لە کارەکانیان بەردەوامن.
سەبارەت بە نووسینەوەی دەستوور، کورتوڵموش رایگەیاند: "داڕشتنی دەستوورێکی مەدەنیی گشتگیر، دیموکرات و بە بەشداریی هەمووان کە شایستەی سەدەی دووەمی تورکیا بێت، یەکێکە لە بەرپرسیارێتییەکانی خولی ۲۸ـەمینی پەرلەمان." ئاماژەی بەوەشکرد، هەموارکردنەوە پێویستەکان بە هاوئاهەنگیی پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان بەڕێوەدەبرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە کارەکانی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کرد و گوتی، هەفتەی رابردوو کاری گوێگرتنیان تەواو کردووە و لەمەودوا کۆمیسیۆنەکە راپۆرتی خۆی دەنووسێتەوە و پێشکێشی پەرلەمانی دەکات.
زیاتر لە ساڵێکە دەوڵەتی تورکیا بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دەستی بە قۆناخێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کردووە. بەرپرسانی تورکیا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم پرۆسەیە وەکو "سیاسەتی دەوڵەت" و بە ستراتیژییەکی جیاواز لە رابردوو بەڕێوەدەچێت.
لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا، کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان پێکهێنراوە کە گوێی لە ۱۳۰ کەس و دامەزراوە گرتووە. رۆژی ۲۱ـی تشرینی دووەم، کۆمیسیۆنەکە بە دەنگدانی نهێنی بڕیاری دا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دورگەی ئیمراڵی بکات، جەهەپە بەشداریی دەنگدانەکەی نەکرد و نوێنەری بۆ شاندەکە دیاری نەکرد.
Your Comment