بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیدارەی خۆسەر چوار ئەنجامی بەرایی ئەو کۆبوونەوەیە ئاشکرا دەکات کە شاندی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ حکوومەتی سووریا لە دیمەشق ئەنجامیان دا، لە کۆبوونەوانەکاندا باسیان لە پرسە سیاسی و ئەمنی و مرۆییەکان کراوە کە ئامانجیان سەقامگیری و بونیادنانی ئاشتی بووە لە وڵات.
پەیوەندییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەمبارەوە زیاتر لە سەکۆی "ئێکس" ڕایگەیاندووە: گفتوگۆکان لەسەر چوار پرسی سەرەکی چڕبوونەتەوە، کە بریتین لە: هەموارکردنەوەی دەستوور، یەکخستنی هێزە سەربازییەکان، ئاگربەست و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
شاندەکەی هەسەدە ئاماژەی بەوەداوە: گفتوگۆکان لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستووری سووریا زۆر گرنگ بوون و جەختی لەوە کردەوەتەوە، هەر دەستورێکی نوێ دەبێت نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکات و بەبێ جیاوازی مافەکانیان بپارێزێت.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرەنسیپی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراوە لە ناو چوارچێوەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا، لە هەنگاوێکدا کە بە بەرەو پێکهێنانی سوپایەکی ڕێکخراو و کاریگەر وەسف کراوە کە خزمەت بە پاراستنی هەموو سوورییەکان بکات.
Your Comment