هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا نەبێت، ئەگەری هێرشی سەربازیی تورکیا هەیە

سەرۆکی سووریا هۆشداری دەداتە هەسەدە کە ئەگەر ئەمساڵ تێکەڵ بە سوپای سووریا نەبن لەلایەن تورکیاوە هێرشیان دەکرێتەسەر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک نووسەر و شارەزا رایگەیاندووە سووریا زۆر نزیکە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل. هاوکات هۆشداریشی داوە لە هێرشێکی تورکیا بۆ سەر هەسەدە ئەگەر تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ تێکەڵی سوپای سووریا نەبن.

بە پێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی میللیەت لە زاری عومەر ئۆزکزڵجک، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی عومران، کە خۆی ئامادەی کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع بووە، شەرع ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەر تاوەکوو مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا نەبێت، دەکرێت تورکیا بە مانا سەربازییەکەی دەست بە ئۆپراسیۆن بکات.

شەرع ڕاشیگەیاندووە، ئێستا سووریا بەشێکە لە سیستمی نێودەوڵەتی و لەگەڵ جیهاندا یەکگرتووە و چیتر وڵاتێک نییە کە ماددەی هۆشبەر، پەنابەر، یان تیرۆر هەناردە بکات بۆ جیهان. گوتیشی ٩٠٪ی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر راگیراوە و یەک ملیۆن پەنابەری سووریش گەڕاونەتەوە سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە دەستی پێنەکردووە.

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دانوستانی سووریا لەگەڵ ئیسرائیل، شەرع وتی "ئەگەر پرسیارم لێدەکەن ئایا متمانەم بە ئیسرائیل هەیە، نەخێر، متمانەم نییە". بەڵام بۆچوونی وایە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بیناکانی سەرۆکایەتی و وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕاگەیاندنی شەڕە دژی سووریا. لەگەڵ ئەوەشدا گوتی هیچ بژاردەیەک نییە جگە لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل.

شەرع لە وتەکانیدا بۆ داواکارییەکانی هەسەدە بۆ "لامەرکەزییەت" ئاماژەی بەوەکردووە کە سووریا لە ئێستاوە بە هۆی یاسای ژمارە ١٠٧ەوە بە رێژەی ٩٠٪ لامەرکەزییە. دەشڵێت: "کۆمەڵگەی سووریا ئامادە نییە تاوتوێی سیستەمی فیدراڵی بکات و لە راستیدا هەموو ئەو جۆرە داواکارییانە بۆ جیابوونەوەن کە خۆیان لە پێناسەی جیاوازدا بەرجەستە دەکەن".

شەرع ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە یەکەم کۆبوونەوەم لەگەڵ مەزڵوم عەبدی وتم:ئەگەر بۆ مافەکانی کورد هاتووی بۆ ئێرە، زەحمەتت نەکێشایە، چوونکە پرەنسیپی بنەڕەتی من ئەوەیە کورد هاوڵاتیی یەکسانی سووریابن. لە تۆ زیاتر لەگەڵ مافەکانی کوردم".

شەرع لە کۆتاییدا دەڵێت: بەشێک لەوانەی لەناو پەکەکە و هەسەدەدان، دەیانەوێت شکست بە رێککەوتنەکەی ١٠ی ئازار بهێنن و زیانی پێبگەیەنن و پرۆسەکە هێواش دەکەنەوە.

News ID 226114

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha