نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، گۆڕدرا

مارک ساڤایا، نوێنەرە تایبەتەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

کوردپرێس: ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە کە چیتر مارک ساڤایا لە پۆستی نوێنەرەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق نەماوە کە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو دەستبەکاربوو.

هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی هۆکاری دوورخستنەوەی ساڤایا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بە وتەی سەرچاوەیەک کە بۆ ڕۆیتەرز قسەی کردووە، "خراپ بەڕێوەبردن"ی دۆسیەی عێراق هۆکار بووە بۆ دوورخستنەوەی ساڤایا، لە نێویشیاندا شکستهێنانی لەوەی نەیتوانیوە ڕێگری بکات نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدبکرێتەوە.

هەرچەندە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک هۆشداری دابوو لەوەی مالیکی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، بەڵام دوێنێ شەو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان دووپاتیکردەوە کە دەستبەرداری مالیکی نابێت.

ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە سەرچاوەیەک و بەرپرسێکی عێراقی پێیانوایە تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش وەردەگرێت.

News ID 226810

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha