بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە زیندانی پیتی F لە زیندانی ئاسایشی توندی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان دیداریان ئەنجامدا، دیدارەکە ماوەی سێ کاتژمێری خایاند و گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەتی گرنگ کراوە، زانراوە لە دیدارەکەدا ئۆجەلان سەبارەت بە کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات هەڵسەنگاندنی گرنگی کردووە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵیی میزۆپۆتامیا، ئۆجەلان لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو کەسانەی کە ڕوویان لە ئەورووپا کردووە، دەبێت لە وڵاتی خۆیاندا ژیانیان بونیادبنێن و لە خاکی خۆیان دوور نەکەونەوە.
ناوبراو ڕەخنەی لە دانیشتووانی ڕحا، ئاگری و ناوچەکانی دیکە کردووە کە نایانەوێت لە ناوچەکانی خۆیان بمێنن کردووە و وتوویەتی: ئەمە دەرئەنجامی سیاسەتی دوورخستنەوەیە لە خاک.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئۆجەلان لە دیدارەکەدا پێویستی بە گفتوگۆیەکی قووڵ و هەمەلایەنەی لەسەر هۆکارەکانی جێهێشتن و دوورکەوتنەوە لە وڵات دەربڕی.
بەپێی هەمان سەرچاوە، سەرۆکی زیندانی کراوی پەکەکە لە دیدارەکەدا وتویەتی: "من ئیمرالیم پێ باشترە وەک لەوەی بچمە ئەورووپا، بە ڕوونی دەیڵێم؛ دەبێت قەرزی خۆیان بە خاک و کلتوور بدەنەوە. من هانیان دەدەم بۆ ئەمە. یەکێک لە ئامانجەکانم لەم پرۆسەیەدا گەڕانەوەی ئەو کەسانەیە لە دەربەدەرییەوە بۆ وڵات".
ئۆجەلان لە دیدارەکەیدا بە پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە کوردانی ئەورووپا دەبێت زمان، کولتوور و کۆمۆنەکانی خۆیان بونیادبنێن.
Your Comment