مامۆستایانی ناڕازیی: کێشەی مووچە چارەسەر نەکرێت بایکۆت دەکەین

مامۆستایانی ناڕازیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەن، کە ئەگەر کێشەی مووچە چارەسەر نەکرێت، ئەوا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاروخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی گشتیی مامۆستایانی ناڕازی، بە کەناڵ۸ی راگەیاندووە: کە دەستەی مامۆستایانی ناڕازی یەکهەڵوێستن و چاوەڕوانی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد دەکەن بۆ دەستپێکردنی دەوام. ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای دەستپێکی دەوامی ئەمساڵەوە هەڵوێستی خۆیان ڕادەگەیەنن، بەڵام تاوەکوو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە بایکۆتی دەوام دەکەن یان دەرفەتێک بە حکوومەت دەدەن.

عەبدوڵا گووتیشی، لە ئێستادا دوو ڕای جیاواز لەناو مامۆستایانی ناڕازییدا دروستبووە: بەشێکیان لەگەڵ ئەوەدان دەرفەتێک بە حکوومەت بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، بەشێکی دیکەشیان لەگەڵ ئەوەدان لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی دەوامەوە نەچنە هۆڵەکانی خوێندن. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر کێشەی مووچە چارەسەر نەکرێت، بایکۆتی دەوام دەکەن و هیچ دەرفەتێکی دیکەیان نییە جگە لە بایکۆت تاوەکو کێشەی مووچە چارەسەر دەکرێت.

بە گووتەی کاروخ عەبدوڵا، هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ مامۆستایانی سنووری هەولێر هەیە و ئەوانیش هاوڕان لەگەڵیان و پێکەوە هەڵوێستێکی هاوبەشیان دەبێت. هاوکات عادل حەسەن، یەکێک لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە کەناڵ۸ی راگەیاندووە، کە چاوەڕوانی هەڵوێستی سەرتاسەریی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەکەن کە بڕیارە هەڵوێستی خۆیان لەو بارەیەوە رابگەیەنن.

ئەم هەڕەشەی بایکۆتە لە کاتێکدایە، کە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ڕۆژی یەکشەممە، ۲۱ی ئەیلولی ۲۰۲۵، دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ۲۰۲۵-۲۰۲۶ دەبێت. هەروەها بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزارەت، ساڵنامەی نوێی خوێندن پەسەندکراوە و بڕیارەکەش سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانیش دەگرێتەوە، کە بە سیستەمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن. ئەم دۆخە نادیارە نیگەرانی لەسەر چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن دروست دەکات.

News ID 226102

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha