دەوڵەت باخچەلی داوای گەڕاندنەوەی ئەحمەد تورک بۆ پۆستەکەی دەکات

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا لە لێدوانێکدا، داوای کرد ئەحمەد تورک، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی مێردین، بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "سەباح"ی تورکی، چەندین لێدوانی گرنگی لەسەر ئەمڕۆی سیاسەتی تورکیا دا، کە گرنگترینیان پەیوەست بوو بە سیاسەتمەدارە کوردەکانەوە.

باخچەلی لە بەشێکی قسەکانیدا رایگەیاند: "ئاشتی باڵندەیێکی یەک باڵ نییە، بۆ ئەوەی ئاشتی بفڕێت، پێویستی بە باڵی دووەمە. باڵی یەکەمی ئاشتی لەلایەن ئۆجەلانەوە جێبەجێ کرا، پەکەکە هەڵوەشێنرایەوە و چەکەکان دانران. ئێستا گەیشتووینەتە قۆناغی ئەوەی کە مەرجەکانی پێکەوەژیان چی بن".

لەو چوارچێوەیەدا، بە ئاماژەدان بە ئەحمەد تورک وتی: "ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانیی مێردین بوو، بەڵام لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئەو کەسێکە کە بەشداریی کردووە لە دروستکردنی دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە بۆ دابین کردنی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا. لە دۆخێکی وەهادا، پێویستە ئەحمەد تورک بگەڕێندرێتەوە سەر کارەکەی و بە شارەوانییەکەی شاد ببێتەوە. ئەمە بەشداریی لە گەشەپێدانی هەستی برایەتی و ئاشتیدا دەکات".

باخچەلی وتیشی: "ئەگەر لە شارەوانیدا گەندەڵی یان رەفتاری نایاسایی هەبێت، ئەوە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام ئەوەی لە رابردوودا هەندێک بۆچوونی پەیوەست بە پەکەکەی لەگەڵ ڕای گشتیدا باسکردووە، بابەتێکی ترە. ئەگەر تورکیا چووەتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە، پێویستە ئەحمەد ئۆزەر ئازاد بکرێت".

سەبارەت بە پرۆسەی "ئاشتی"، باخچەلی ئاماژەی بە ڕاگەیەندراوەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان کرد و وتی: "دامەزرێنەری پەکەکە، ئۆجەلان، لە ۲۷ی شوباتدا ڕاگەیەندراوێکی دەرکرد، پەکەکە هەڵوەشێنراوەتەوە و چەکەکان دانراون. بۆیە پەکەکە و پێکهاتەکانی سەر بەو ڕێکخراوە لە هەر کوێیەک بن، ناچارن ملکەچی ئۆجەلان بن، ڕێزی لێبگرن و بەپێی ڕێنماییەکانی بجووڵێنەوە".

News ID 226076

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha