کورتەی هەواڵەکانی ۲۶ی گەلاوێژی ۱۴۰۴ی هەتاوی

کورتەی گرینگترین هەواڵەکانی ۲۶ی گەلاوێژی ۱۴۰۴ی هەتاوی لە ستۆدیۆی کوردپرێس پێشکەشتان دەکرێت.

هاوسەرۆکی دەم پارتی: هاکان فیدان وا دەزانێت کورد بوونی نییە

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئاماژەی بەوەکردوە: "هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هەموو کار و چالاکییەکانی لەسەر تێکدانی دەستکەوتەکانی کورد چڕکردوەتەوە و هەموو جیهانیش ئەمە دەبینێت و دۆخێکی جێگەی داخە".

تونجەر باکرهان باسی لەوەش کرد: "هاکان فیدان وا دەزانێت کورد بوونی نییە، بەڵام ئەو هەڵەیە، هیوادارین لە داهاتوویێکی نزیکدا چاوەکانی بکاتەوە، ڕاستییەکان ببینێت و زمانێک بەکاربهێنێت کە خزمەت بە چارەسەری بکات".

وتەبێژی پارتی:

لەگەڵ یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕێککەوتووین

مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: لەسەر بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووین، هەروەها هەندێک بابەتی دیکە هەیە وەک دابەشکردنی پۆست و پەرلەمان و چەند شتێکی دیکە، کە گفتوگۆی زۆریان لەسەر کراوە و ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەی داهاتوو کۆتایی پێ بێت.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا:

هه‌سه‌ده‌ پابەندی ڕێککەوتنی یەکگرتن لەگەڵ دیمەشق بێت

وەزارەتی بەرگریی تورکیا له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕایگەیاندووە: چاوه‌ڕوان دەکات هێزەکانی سووریای دیموکرات بەپەلە پابەندی ڕێککەوتنی یەکگرتن لەگەڵ حکوومەتی سووریا ڕابگه‌یه‌نێت، دەشڵێت: ئەو "لێدوانه‌ جوداخوازانە" کە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە لە کۆنفرانسەکەیدا لە حەسەکە لە ۸ی (ئاب/۸) ڕاگه‌یه‌ندرا، پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لەگەڵ دیمەشق واژۆ کراوە.

News ID 225928

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha