بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق له ڕاگهیهندراوێكدا باسی لهوه كردووه: محەمەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی کرد لە ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران عەلی لاریجانی و شاندی یاوەری، لە میانەی دیدارەکەدا هەوڵە بێوچانەکانی عێراقی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و پتەوکردنی هاوبەشی بەرهەمدار لە ئاست و بوارە جیاجیاکاندا، لە بەرژەوەندی هەردو گەلی عێراق و ئێراندا دووپات کردەوە.
سوودانی، هەڵوێستی پرەنسیپی و بێ چەشنی عێراقی دووپات کردەوە لە ڕەتکردنەوەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هەموو شتێک کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پشتیوانی عێراق لە وتوێژی نێوان ئەمریکا و ئێران.
هەروەها سوودانی سەرپەرشتی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و لاریجانی سەبارەت بە هەماهەنگی ئەمنی لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کرد.
لایخۆیەوە لاریجانی سڵاوی سەرۆک کۆماری ئێران مەسعوود پزیشکیانی گەیاندە سوودانی و جەختی لە پابەندبوونی حکوومەتەکەی کردەوە بۆ پەرەپێدان و بەردەوام کردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی پەیوەندیی هێڵی ئاسنی نێوان هەردوو وڵات بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران و بەستنەوەی بە ڕێگای گەشەپێدان و ڕێڕەوە گەورەکانی ناوچەکە.
Your Comment