دەستگیرکردنی جەلادەکەی نوگرە سەلمان کۆدی نهێنی زۆر دەرگای تر دەکاتەوە

یەکێتی نووسەرانی جێنۆسایدی کوردستان، ڕاینگەیاند: دەستگیرکردنی عەجاج زۆر دەرگای تر دەکاتەوە و دەمانگەیەنێتە زۆر نهێنی شاراوە.

دەقی ڕاگەیندراوەکەی یەکێتی نووسەرانی جێنۆسایدی کوردستان:

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٠٢٥/٨/١، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە فەرمی دەستگیرکردنی (عجاج احمد حردان التکریتی)، ڕاگەیاند، کە لە ناو گەلی کوردستان بە جەلادەکەی نوگرەسەلمان و دێوەزمەی ناو تاوانی ئەنفالی ناسراوە.

دەستگیرکردنی تاوانبارێکی گەورەی وەک عەجاج، کە تەنها ڕزگاربووانی نێو قەڵای نوگرەسەلمان دەتوانن گوزارشت لە تاوان و دڕەندەییەکەی بکەن، هەر چەندە درەنگ وەختەیە، بەڵام هەنگاوێکی گرنگە و کۆدی نهێنی زۆر دەرگای تر دەکاتەوە و دەمانگەیەنێتە زۆر نهێنی شاراوە.

هەر بۆیە لە یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان، وێڕای ئەوەی سوپاس و پێزانینی خۆمان بە هەموو دامەزراوە فەرمیەکان ڕادەگەیەنین، کە شوێن پێی زانیارییەکان کەوتوون، تا دواجار دەستگیرکردنی ئەو جەلادەی لێهاتە بەرهەم، کە (۲۲) ساڵە لە چنگی یاسا خۆی شاردۆتەوە.. هاوکات داوا دەکەین:

یەکەم: پرۆسەی دانپێدانان و وەرگرتنی زانیارییەکان لە تاوانبار بە ئامادەبوونی تیمێکی شارەزایی نووسەرانی بواری جینۆساید بەڕێوەبچێت، بە ئامانجی کۆکردنەوەی زانیارییە شاراوەکان، بە تایبەت کە زانراوە عەجاجی تاوانبار بە مەبەستی خۆشاردنەوەی لە دەزگا ئەمنیەکان چەندین ڕێگا و شێوازی بەکارهێناوە، وەک گۆڕینی ڕوخساری لە رێی نەشتەرگەری جوانکاری و گۆڕینی ناوی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی مردنی له ساڵانی ڕابردوو.

دووەم: دەستگیرکردنی ناوبراو بکرێتە سەرەداوی دۆزینەوە تێوەگلاوانی تر لە تاوانی ئەنفال.

سێیەم: داوا لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەین، بچن لە بەغدا سکاڵا لەسەر سەرۆک جاش و مستەشارە داواکراوەکان تۆمار بکەن.

له کۆتاییدا پیرۆزبایی لە سەرجەم کەسوکاری ئەنفالکراوان و ڕزگاربووانی قەڵای نوگرەسەلمان و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین بە بۆنەی دەستگیرکردنی عەجاجی تاوانبار.

News ID 225844

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha