ئەمریکا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات

هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند: ئەمریکا پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی شەممە ۱۹ـی تەممووزی ۲۰۲۵ لە سەڵاحەددین مەسعوود بارزانی، لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکرات پێشوازیی لە ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەکەدا کە ستیڤن بیتنەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێریش ئامادەی بوو، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، وێڕای ئاماژەدان بۆ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی خوازیاری هەرێمی کوردستانی بەهێزە و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکە.

 هەر لەو دیدارەدا پڕۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە تورکیا و بارودۆخی سووریا خرایە بەرباس و گفتوگۆ، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەکانی بارزانی لە پاڵپشتی کردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و هەروەها لەیەکترنزیک کردنەوەی و پتەوکردنی یەکگوتاریی لایەنە کوردییەکانی سووریا هەبوو.

مەسعوود بارزانیش ڕایگەیاند: کە پرۆسەی چارەسەریی ئاشتی لە تورکیا، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک و ناوچەکەیە و ئێمە بە هەموو توانایەک پاڵپشتی ئەو پرۆسەیەین و هەر چی پێویست بێت بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە ئەنجامی دەدەین.

هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

هەروەها شاندی میوان ئەوەیان بە بارزانی ڕاگەیاند، ئەمریکا پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکات کە لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەسەر مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە.

News ID 225777

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha