هیچ بەڵگەیێکی یەکلاییکەرەوەمان لەبارەی هێرشکارانی سەر هەرێمی کوردستان نییە

 سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی سەرچاوەی هێرشە درۆنییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''ئێمە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوەمان لەسەر هێرشکارەکان نییە و هەمووی لە گوماندا کۆدەبێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هێرشکەران و ئەنجامدارانی هێرشە درۆنییەکانی ئەمدواییەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کێڵگە نەوتییەکان و شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: زۆر بۆچوون هەن لەسەر ئەوەی کە سەرچاوەکەیان نێوخۆیی، دەرەکی یان لەنێو عێراق بن؛ بۆیە پێم وایە ئەرکی دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە هاوکاری بکەن بۆ دۆزینەوە و بەگژداچوونەوەیان''.

 ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت تەنیا بۆ ''تێکدان''ـە و وتیشی: ئەو دامەزراوە ئابوورییانە ''بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕاستەقینە دەکرێنە ئامانج. هەرێمی کوردستان نە ئێستا و نە لە داهاتووشدا نایەوێت بکرێتە ئامانج و بەشدار بێت لە هیچ شەڕێکی وێرانکەر.''

لەم مانگەدا ۱۸ هێرشی درۆنی کراونەتە سەر شوێنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و لەو ژمارەیە ۷ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوو و بەگوتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی ۲۰۰ هەزار بەرمیلی نەوتی لەدەست داوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمیشەوە وتی : ''فرۆشتنی نەوت لە رێگەی سۆمۆ و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بە واتای کەمکردنەوەی گرنگیی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکانمان چەندە لەگەڵ عێراق تووندوتۆڵ بن، ئەوەندەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەمان بەهێزتر دەبێت''.

News ID 225772

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha