نوێنەری ترەمپ باس لە ناکۆکیی گەورە لەنێوان کوردەکانی سووریا و ئەحمەد شەرع دەکات

کۆبوونەوەکەی هەسەدە و حکوومەتی سوریا کۆتایی هات و هەسەدە پێداگرە لەسەر مانەوەی هێزەکانی وەک قەوارەیێک بەڵام دیمەشق ئەو داواکارییە ڕەت دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دانوستانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی سووریا بە سەرپەرشتی ئەمریکا و فەرەنسیەکان کە دوێنێ‌ لە دیمەشق بەڕێوەچوو، کۆتایی هات بەڵام ناکۆکیەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و پرسی ناناوەندێتی رۆژئاوای کوردستان و دۆخی هەسەدە لەناو سوپای سوریای نوێ، دوو خاڵی جەوهەری ناکۆکییەکانن.

تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا ئاشکرای کردووە، ناکۆکی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامە، بەتایبەتی سەبارەت بە داهاتووی هەسەدە لەناو سوپای سووریادا.

باراک، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" دوای دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دیمەشق، ڕایگەیاند: هەسەدە پێداگرە لەسەر مانەوەی وەک قەوارەیێکی یەکگرتوو لەناو سوپای سووریادا، ئەوەش کێشەیێکی گەورەی نێوان هەردوولایە.

باراک جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو دوو لایەنە کە ماوەیەکە بە جیا و رەنگە لە پەیوەندییەکی دوژمنکارانەدا بوبێتن، دەبێت وردە وردە دەست بکەن بە دروستکردنی متمانە، ستایشی ئەو بژاردە باشانەشی کرد،  کە لەلایەن حکومەتی سوریاوە خراوەتە بەردەم هێزەکانی سوریای دیموکرات.

نوێنەرەکەی ئەمریکا هیوای خۆی دەربڕیوە بۆ چارەسەرێکی خێرا لە نێوان هەردوولا و ڕایگەیاندووە: ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، متمانەیێکی تەواوی بە حکوومەتی سووریا و سوپای نوێی سووریا هەیە.

سەبارەت بە ئایندەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، تۆماس باراک وتویەتی: ئەمریکا پەلەی نییە لە تەواوکردنی کشانەوەی تەواوەتی.

News ID 225720

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha