بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەفزیۆنی سووریا لە زاری سەرچاوەیێکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە: تۆم باراک لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆ دەبێتەوە، دواتر کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەنێوان تۆم باراک و ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی دەکرێت، بەڵام شوێنی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە.
سەرچاوەکە دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر جێبەجێ کردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی ۱۰ـی ئاداری ۲۰۲۵، کە تیایدا تێکەڵ کردنی هێزەکانی (هەسەدە) و دامودەزگاکانیەتی بە حکوومەتی سووریا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، ڕەنگە هەندێک بڕگە لەسەر داوای هەسەدە بە ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتن هەموار بکرێنەوە.
تەلەڤزیۆنی سووریا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، فەرەنسا بە ئەمریکای گوتووە ئەوان پاڵپشتیی لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن.
جگە لە ڕێککەوتنەکە، بڕیارە نوێنەری ئەمریکا بۆ سووریا، هاوکاریی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حکوومەتی سووریا و هێزەکانی هەسەدە، لە شەڕی دژی داعش لە سووریا تاوتوێ بکات.
ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ۱۰ـی ئادار، لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی واژۆ کرا، چەند بڕگەیێکی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان، یەکخستنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیدارەی خۆسەرە بە ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا مەرجی ئەوە خراوەتەڕوو کە نەتەوەی کورد بە "بەشێکی دانەبڕاو لە سووریا هەژمار بکرێت و مافە دەستوورییەکانی بەتەواوی دەستەبەر بکرێت".
Your Comment