دوو بنەماڵەی حوکمرانی هەرێم قومار بە ژیان و قووتی خەڵکەوە دەکەن

جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند: كابینەکەی مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی نایانەوێت لەگەڵ بەغدا ڕێبکەون و لە هیچ کام لەو خاڵانەی بەغدا داوای دەکات، ئەمان نەرمیان نەنواندوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لە ڕاگەیەندراوێكدا، وتی: "دوو بنەماڵەی حوکمران قومار بە ژیان و قووتی خەڵکەوە دەکەن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن. زیاتر لە دوو مانگە مووچەخۆران بێ مووچەن، کەچی هێشتا کابینەکەی مەسروور و قوباد نایانەوێت لەگەڵ بەغدا ڕێبکەون".

بەپێی قسەی نەوەی نوێ: "هیچ کام لەو خاڵانەی بەغدا داوای دەکات، ئەمان نەرمیان نەنواندوە تا مووچەخۆران لەوە زیاتر بێ مووچە نەبن".

نەوەی نوێ جەختیشی كردۆتەوە: "ئەم حکوومەتە ماوە بەسەرچووە لەپێناو قووتی خەڵکدا نەوت تەسلیم ناکات، تەنانەت ئامادەنین بەشێکیشی تەسلیم بکەن".

وتوشیەتی: "ڕازی نین ۴۲ هەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆ هەڵبگرن و باقیەکەی بدەن بە بەغدا" و "ئامادەش نین بەشێک لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان رادەست بکەن."

هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە كە: "ڕازیش نین بە تەوتین کردنی مووچە لەسەر بانکە فیدڕاڵییەکان".

جووڵانەوەی نەوەی نوێ پێشی وایە: "ئەوەی پارتی و یەکێتی دەیکەن بانگەشەی هەڵبژاردنە لەسەر حسابی قووتی خەڵک" و "دەیانەوێت وەک نمایش بۆ ماوەیێک بکشێنەوە لە حکوومەتی بەغدا لەم کاتی هەڵبژاردنەدا بۆ بانگەشە، بەڵام زەرەرمەندی یەکەم خەڵکە".

هەروەها وتوشیەتی: "وەک نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنین ئەگەر ئەم بەناو حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتەی هەرێمە دۆخی خەڵک و گوزەرانیان بەلاوە گرنگ بێت ئەوا هێشتا نەچوە و بچێت و دەتوانن هەر ئەمشەو لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون و خەڵک و مووچەخۆرانیش لەم دۆخە ڕزگار بکەن".

News ID 225708

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha