بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی ڕاگەیاندنی کۆما جڤاکێن کوردستان، ڕایگەیاندووە: لەبەر هۆکاری ئەمنی، ڕۆژنامەنووسان ناتوانن ئامادەی ئەو رێوڕەسمە بن کە بۆ چەکدادانی ژمارەیێک گەریلا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەم نزیکانە بەڕێوەدەچێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا زیاتر هاتووە: "بەهۆی باری ئەمنی ناجێگیرەوە، گۆڕانکاری کرا لە بەشێک لە وردەکارییەکانی پەیوەست بەو رێوڕەسمەی کە چاوەڕێ دەکرێت بەم نزیکانە لە سلێمانی بەڕێوەبچێت. رێوڕەسمەکە بەوشێوەیەی پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەشێوەی ڕاستەوخۆ ناگوازرێتەوە و ڕێگەنادرێت ڕۆژنامەنووسان ئامادەی بن. ئەمە بۆ ئێمەش مایەی داخێکی زۆرەو داوا دەکەین کە ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوە وەک ڕێکارێکی پێویست وەربگیرێت کە دۆخەکە سەپاندوویەتی".
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هەروەها ئەوەش هاتووە: "شاشەیێک لە نزیک شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە دادەنرێت، لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا تۆمارە ڤیدیۆییەکانی ڕێوڕەسمەکە لەڕێگەی ئەو شاشەیەوە پەخش دەکرێن. ئەمە تاکە ڕێگەیە تاوەکوو بتوانین زانیارییەکانتان پێ بگەیەنین. بانگهێشتتان دەکەین بۆ ئەوێ. ڕەنگە هەندێکتان بڕیاربدەن کە بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوەوە، ئامادەی رێوڕەسمەکە نەبن؛ بەتەواوی لەم بڕیارەتان تێدەگەین و رێزی لێدەگرین و داوای لێبووردنتان لێدەکەین بۆ بێزار کردنتان".
Your Comment