بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیسماعیل بهقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئهمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە بارودۆخی ئێستادا ئەمە پرسیارێکە کە پێویستە لە بەڕێوبەری گشتی ئاژانس بکرێت، چوونکە ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هاوکارییەکان وەکوو جاران و ئاسایی بەردەوام بن. ئەو پرسیارەی کە دەبێت وەڵامی بداتەوە ئەوەیە، چۆن چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئێمە سەلامەتی و ئاسایشی پشکنەرانی ئاژانس مسۆگەر بکەین لە کاتێکدا دووشەممەی ڕابردوو، پێنج شەش ڕۆژ لەمەوبەر هێرش کرایە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران؟
ناوبراو وتیشی: لەلایێکی ترەوە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت وڵاتێک کە ئەندامی NPT بێت، ناتوانرێت چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە ئەرکەکانی قبووڵ بکات لە کاتێکدا ئاژانس و بەڕێوەبەری گشتی، وەک لایەنی دەسەڵاتدار، لە بەرامبەر ئەو کارە نایاساییانەی کە بەرامبەر بە دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئەنجام دەدرێن بێدەنگ بن، یان لە ڕێگەی هەندێک لە کاردانەوەکانیانەوە، بەشێوەیەک پاساو بۆ ئەو كارانە بهێننەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەوەها ڕەخنەی لە گۆڕانی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر تاران گرت و بە "یاریی" وەسف کرد، کە ئامانجیان چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ههردوو وڵات نییە.
بەقایی لهبارهی لێدوانهكانی ترهمپ پهیوهست به ههڵگرتنی سزاكان، زیاتر ڕایگهیاند: "ئەو بەیاننامانە پێویستە زیاتر لە چوارچێوەی یارییە دەروونی و میدیاییەکاندا سەیر بکرێن نەک وەک دەربڕینێکی جددی لە پەسەندکردنی دیالۆگ یان چارەسەرکردنی کێشەکان".
لهبارهی هێرشی سهر ئێران، بهقایی دهڵێت: "هەموو وڵاتانی دراوسێ ڕەتیان کردوەتەوە ئیسرائیل، خاک یان ئاسمانی وڵاتەکانیان دژی ئێران بەکار بهێنێت، ئەوان بەبێ جیاوازی، دڵنیایان کردوین کە ڕێگە نادەن ئیسرائیل خاک یان ئاسمانی وڵاتەکانیان بەکاربهێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشکردنە سەر ئێران".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئهوهشی خستهڕوو، "وڵاتانی دراوسێ دهڵێن، مۆڵەتی لەو شێوەیەیان بە ئیسرائیل نەداوە و لە داهاتووشدا نایدەن، چ لەبەر پابەندبوون بە سیاسەتی دراوسێیەتی بێت، یان لەبەر ڕێزگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان".
Your Comment