بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ پارێزگای ئیلام لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا باسی لە دانوستاندنە ناڕاستەۆخۆکانی نێوان تاران و واشنتن، هەروەها بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کرد و ڕایگەیاند: ''هەندێک قسە قبووڵ ناکەین؛ هیچ کات بەو شێوەیە نییە کە لێکۆڵینەوە ئەتۆمییەکانمان ڕابگرین و دواتر بۆ بەکارهێنانی وزەی ئەتۆم بۆ پیشەسازی، پزیشکی و کشتوکاڵ، چاوەڕوانی ڕێگەپێدانی ئەوان بین".
ناوبراو وتیشی: ''کێ گوتوویەتی ئێمە مافی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زانستیمان نییە. ئەوان مافیان نییە بە ئێمە بڵێن چالاکیی ئەتۆمیی خۆمان بە تەواوی ڕابگرین".
سەرۆککۆماری ئێران ڕاشیگەیاند: ''هیچ کات سەر دانانەوێنین، بەڵام رێبەرمان جەختی لەوە کردووەتەوە کە بۆمبی ئەتۆمی دروست ناکەین و ئەمە سیاسەتی یەکلاییکەرەوەی ئێمەیە".
مەسعوود پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد کە: ''ئەوان ئێمە دەڵێن زانستی ئەتۆمیتان نەبێت، دواتر ئەگەر قسەیێک بکەین ئیسرائیل بۆردوومانمان دەکات. بە شکۆ و سەربەرزییەوە دانوستاندن دەکەین. داخوازیی ئێمە پاراستنی مافی یاسایی، زانستی و نێودەوڵەتیمان. لەوە زیاتر هیچ شتێکی دیکەمان ناوێت".
Your Comment