بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەفیزیۆنی سووریا لە زاری سەرچاوەیێکی حکوومەتی دیمەشقەوە بڵاوی کردەوە: بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە مانگی (شوبات/۲) ئەنجام دراوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامن لە ناردنی نەوت و غاز بۆ حکوومەت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ڕۆژانە بڕی ۱۰ بۆ ۱۵ هەزار بەرمیل نەوت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەوە، ڕەوانەی پاڵاوگەکانی حمس و بانیاس دەکرێت لە ناوەڕاست و خۆرئاوای سووریا.
بەگوێرەی سەرچاوەکەی تەلەفیزیۆنی سووریا، هاوکات بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن مەترسێجا غاز لە کارگەی غازی جبسە لە ناوچەی ڕیفی حەسەکەوە ڕەوانەی وێستگەی غازی ڕەیان دەکرێت لە ڕیفی حمس، بە مەبەستی بەکارهێنانی لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا.
دوای نزیکەی سێ مانگ لە کەوتنی ڕژێمی پێشووی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات کە کورد سەرۆکایەتی دەکات، لە مانگی (شوبات/۲) لەگەڵ حکوومەتی نوێی ڕێککەوت و لەرێگەی تانکەرەوە دەستیکردەوە بە ناردنی نەوتی خاوی کێڵگەکانی حەسەکە و درێرەزوور بۆ حکوومەتی نوێی دیمەشق.
Your Comment