بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و لاوان، لەبارەی پرسی مووچە و مامەڵەی بەغدا لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "وایانلێکردووە، وا دەزانرێت خەبات و تێکۆشانی ئەم میللەتە، ئەو هەموو ساڵە، ئەو هەموو سەرکردە و شەهیدە بۆ داواکردنی مووچە بووە." گوتیشی. ئەگەر "خەبات بۆ مووچە بووبێت، دەوڵەتانی پێشووتر دەستیان ماچ دەکردین."
لەبارەی هۆکاری مامەڵەی بەغدا بەو جۆرە لەگەڵ مووچەخۆران بارزانی دەڵێت: "بەرێنمایی لایەنی نێوخۆیی بووە." هەروەها هۆشداری دایە بەغدا کە "ئەو مامەڵەی لە مانگەکانی پێشوو لەگەڵ مووچەخۆران کردوویانە، بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە."
مەسعوود بارزانی دەڵێت: "بەغدا دەبێت مامەڵە شەرعییەتی هەرێمی کوردستان بکات، لە ئۆکتۆبەری رابردوو هەڵبژاردن کرا و سەنگی هەموو لایەکی پێشاندا."
مامەڵەکردنی بەغدا لەگەڵ "[ئەو لایەنە نێوخۆییانە]، پێچەوانەی دەستوور و فیدراڵییەتە. پێویستە ئەوان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن."
بە گوتەی بارزانی "مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان فیدراڵی نییە" و دەڵێت: "ئەگەر فیدراڵی نەماوە، باپێمان بڵێن، چوونکە ئەو مامەڵەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت، مامەڵەکردنی فیدراڵییەت نییە".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا مەسعوود بارزانی جەختیکردەوە کە "نابێت دەستوەردان لە دەستوور بکرێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان کێشەیەکی هەیە، پەرلەمانی کوردستان هەیە، با ئەوان لێپێچینەوە لە حکومەت بکات".
سەرۆکی پارتی پرسی مووچە و مامەڵەی بەغدا بە "سووکایەتی بۆ خوێنی شەهیدان" ناودەبات و دەڵێت: "ئەم میللەتە لە برسان شۆڕشی نەکردووە. ئەگەر کەرامەت و ئیرادە هەبێت، هەموو کاتێک پارە دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەوانە نەمان، پارە چ قیمەتی هەیە؟".
بارزانی دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێت کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت و دەڵێت: "ئێمە دەرۆزەچی نین لەبەردەم دەرگەی ئەوان. ئەوانەشی هەموو ئامانجیان پارەیە، با بچنە لای ئەوان، ئەو کەسانەشی کەرامەت ئیرادەیان لامەبەستە، پاراستنی مێژووی شەهیدانی کوردستانیان لە مەبەستە، بڕیاری خۆیان دەدەن".
ناوبراو جارێکی دیکە جەخت لە "نیازپاکی" هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەوانەی ئێستا لەسەر حوکم لە بەغدا، پێم وابوو لە غیابی ئێمە، پارێزگاری لە مافەکانمان بکەن، چوونکە زۆر نان و نمەکمان پێکەوە بوو، نەوەکوو بێن نانی کەسوکاری ئەنفال و کیمیاباران ببڕن. ئەمە لای من جێی سەرسووڕمان بوو."
بارزانی پەیام بۆ عێراق دەنێرێت و ئاماژە بەوە دەکات: "مادام ئەوان ئەو مامەڵەیە دەکەن، ئێمەش داکۆکی لە مافی ئەو کەسانە دەکەین و دەبێت قەرەبووی هەموو کەسوکارانی ئەنفال، کیمابارانی میللەت و قەرەبووی ئەو ۴۵۰۰ گوندە بکەن".
بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی گوتی: "وا مامەڵە دەکرێت کە کورد جەستەیەکی بێگانەیە لەم وڵاتەدا."
Your Comment